12 كاندید له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی فه‌ره‌نسا پێشبڕكێ ده‌كه‌ن
پێشبینی دەکرێت "ماکرۆن" و "لو پێن" زۆرترین ده‌نگ به‌ده‌ستبهێنن

K24 - هه‌ولێر:
لە فەرەنسا هەڵبژاردنی سەرکۆمار دەستی پێ کرد، کە تێیدا 12 کاندید له هه‌ڵبژاردنی پێشبڕكێیانه، به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كان ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆك کۆماری ئێستای وڵاتەکە به‌شداره و یه‌كێكه به كاندیده به‌هێزه‌كان.
فەرەنسا ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 67 ملیۆن کەسە، ژماره‌ی ده‌نگده‌ركانیشی 48،7 ملیۆنه. پرۆسەی دەنگدان کاتژمێر 08:00ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (10ی نیسان/ ئه‌پرێلی 2022) بەکاتی ناوخۆی فه‌ره‌نسا دەستیپێکرد و بڕیاریه‌شه لە کاتژمێر 19:00دا کۆتایی پێبێت، به‌ڵام لە شارە گەورەکاندا تا کاتژمێر 20:00 دەتوانرێت دەنگ بدرێت.
بە بڕیاری حکومەتی فه‌ره‌نسا، ئەو دەنگدەرانەی پشکنینی پەتای کۆرۆنایان پۆزەتیڤ دەرچووە، بە مەرجی بەستنی دەمامك دەتوانن سەردانی ناوەندەکانی دەنگدان بکەن و دەنگ بدەن.
کۆمپانیاکانی توێژینەوە، دەتوانن لە کاتی داخستنی سندوقەکانی دەنگدانەوە دەست بە بڵاوکردنەوەی ئەنجامی پێشبینیکراوی هەڵبژاردنەکە بکەن، ئەنجامە فەرمییەکانیش لەلایەن دادگای دەستوورییەوە لە 13ی نیساندا بڵاودەکرێتەوە.

بەپێی راپرسی گشتی لەبارەی یەکەم خولی هەڵبژاردنەکە، پێشبینی دەکرێت سەرۆك کۆماری ئێستا ئیمانوێل ماکرۆن و مارین لو پێن، راستڕەوی توندڕەو زۆرینەی دەنگەکان بەدەستده‌هێنن. به‌ڵام ئیریك زیمور، ئه‌و كاندیده‌ی دژایه‌تی خۆی بۆ موسڵمانان و په‌نابه‌رانی وڵاته‌كه‌ی راگه‌یاندبوو، 9%ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستده‌هێنێت و نابێته سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا
ئەگەر لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا، هیچ کام لە کاندیدەکان سەدا 50ی دەنگەکانی بەدەستنەهێنا، ئەوا دوو کاندید کە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە، لە 24ی نیساندا بەشداری لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکەدا دەکەن و دەچنە کێبڕکێوە.
ئەو کاندیدەی له هه‌ڵبژاردنه‌كه سەرکەوتن به‌ده‌ستده‌هێنێت، له 13ی ئایار پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار دەستبه‌كارده‌بێت.
سه‌رچاوه: aa