ئانچیلۆتی قسه‌ی كۆتایی خۆی له‌ باره‌ی یارییه‌ قورسه‌كه‌ی سبه‌ی كرد

كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری ریال مه‌درید له‌ پرێس كۆنفرانس له‌ باره‌ی یارییه‌كه‌ی شێریف. 27 سێپتێمبه‌ری 2021
كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری ریال مه‌درید له‌ پرێس كۆنفرانس له‌ باره‌ی یارییه‌كه‌ی شێریف. 27 سێپتێمبه‌ری 2021

ریال مەدرید دوای گەیشتنی بە قۆناغی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ دەگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکانی لالیگا و سبه‌ی یه‌كشه‌ممه‌ له‌ كاتژمێر 10:00ـی شه‌و دەچێتە یاریگای رامۆن سانچێز پیزخوان و لە یاریی لوتکە دەبێتە میوانی سێڤییا.

فێرلان مێندی و ئێدین هازارد و لۆکا یۆڤیچ و مارسێلۆ بە تەنیا مەشقەکانیان کرد و لە راهێنانە بە کۆمەڵەکان ئامادە نەبوون، سیبایۆس و ڤاییخۆش بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەم یارییە ئامادە نابن.

بەڵام ناچۆ دوای هەستکردن بە ئازاری پشتی لە مەشقەکانی مێرەنگی دەرکەوت و لەم یارییە ئامادە دەبێت، کەریم بێنزێماش کە لە کۆتاییەکانی یاریەکەی بەرامبەر چێڵسی تووشی پێکان بوو، پێکانەکەی سووکە و لەم یارییە ئامادە دەبێت بەڵام دیار نییە بە سەرەکی یاریی دەکات یان نا.

ئانچیلۆتی: تیپه‌كه‌م سه‌لامه‌ته‌ و ئاماده‌یه‌

كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید پێش یارییه‌كه‌ی سبه‌ی به‌رامبه‌ر سێڤییا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند تیپەکەیان لە رووی جەستەییەوە سەلامەتە و لە لایەنی هزریشەوە ئامادەن.

ئانچیلۆتی ده‌شڵێت: سێشەممەی رابردوو یاریمان کرد و سبه‌یش یاریی دەکەینەوە، کاتیشمان لەبەردەمە بۆ بیرکردنەوە لە یارییەکەی سێڤییا، ئێمە لەم وەرزە ئامانجی زۆر گرینگمان هەیە و دەمانەوێت بەدەستیان بهێنین، من گرینگی بەوە نادەم لە دەرەوە چی دەگوترێت، تەنیا ئەوە گرینگە کە لەپێناو ناسناوەکان بجەنگین، دەکرێت هەمووان بۆچوونی خۆیان هەبێت، بەڵام راستییەک هەیە و ریال مەدرید لەم وەرزەی لالیگا بە سەرکردایەتی بێنزێما زۆرترین گۆڵی کردووە.

ئانچیلۆتی مالدینی به‌ مۆدریچ به‌راورد ده‌كات

ئانچیلۆتی له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا گوتی: لێرەوە پێتان دەڵێم کە مۆدریچ لە ریال مەدرید کۆتایی بە کاروانی یاریکردنی دەهێنێت، نازانم کەی، بەڵام ئەوە بیرۆکەی خۆی و یانەکەیە، مۆدریچ کێشەی نییە لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، ئەگەر بەراوردی بکەم بە یاریزانێکی دیکە بەراوردی دەکەم بە پاولۆ مالدینی.

ئانچیلۆتی لەبارەی چاڤی هێرناندێز و کرانە دەرەوەی بارسێلۆنا لە یۆرۆپالیگ گوتی: پێموایە راهێنەرایەتیکردنی هەموو تیپێک سەختە، بە تایبەت کە ئامانجی بردنەوەی ناسناوەکان بێت، راهێنەرایەتی کارێکی قوڕسە.

ریال مەدرید لەبەردەم رۆژە یەکلاکەرەوەکانی ئەم وەرزەیە بۆ بردنەوەی ناسناوەکان، مێرەنگی لە ماوەی 10 رۆژدا سێ یاریی گرینگ لە لالیگا و چامپیۆنزلیگ دەکات و سەرجەم یارییەکانیشی لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێت.

تیبۆ کۆرتوا بووەتە خاڵێکی بەهێزی ریال مەدرید و لەم وەرزەی لالیگا لە کۆی 31 یاریی 26 گۆڵی لێکراوە و بەربژێرە بۆ بردنەوەی خەڵاتی زامۆرا و رکابەری یاسین بۆنۆی گۆڵپارێزی سێڤییا دەکات.

ریال مەدرید لە کاتێکدا ئەم یارییە دەکات لە 38 یاریی رابردووی لە لالیگا لە 35یان نەدۆڕاوە، لە دوایین شەش یاریشدا بەرامبەر سێڤییا لە پێنجیان بردنەوەی بەدەستهێناوە، بەڵام یانە ئەندەلووسیەکە لە دوایین 17 یاریی لە یاریگای خۆیان تامی دۆڕانیان نەکردووە.

ریال مەدرید بە 72 خاڵ پێشەنگی لالیگای گرتووە و سێڤیاش بە جیاوازی 12 خاڵ لە خانەی سێیەم دەبینرێت.