لە پارشێودا دوو کەس بەتۆمەتی دزینی ئالیکی ئاژەڵ دەستگیرکران

"تۆمەتبارەکان لەناو هۆڵێکی بەخێوکردنی ئاژەڵدا دەستگیرکران"

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - سلێمانی

پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین، لە کاتژمێر 4ی بەیانیدا کە هاوکاتی پارشێوکردنە، دوو کەسیان بەتۆمەتی دزینی ئالیکی ئاژەڵ، لەناو هۆڵێکی بەخێوکردنی مەڕ و ماڵاتدا دەستگیرکرد.

ئەمڕۆ 17ی نیسانی 2022، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین، لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە "لەدوای وەرگرتنی زانیاری و بەدواداچوونی وردی هێزەکانمان، لە بنکەی پۆلیسی ماکۆک لە ناحیەی حاجیاوا، بەرواری 16ی نیسانی 2022، کاتژمێر 4ی بەیانی، توانرا دوو کەس لە کاتی دزیکردندا لەناو هۆڵی مەڕ و ماڵات لە ناحیەی حاجیاوا دەستگیربکرێن".

دەستگیرکراوەکان یەکێکیان ناوی (ش،ع.س)ەو لەدایکبووی 1988، ئەوەی دیکەیان ناوی (ف،س،ت) لەدایکبووی ساڵی 1980 یە، بەگوێرەی راگەیەندراوی پۆلیس، لە کاتی "دزینی ئالیک و گەنم و عەلف"ی خاوەن ئاژەڵێکدا دەستگیرکراوان، هاوکات دەستگیراوە بەسەر ئۆتۆمبیلێکدا.

پۆلیسی راپەڕین دەڵێت "دوو تۆمەتبارەکە، دوای لێکۆڵینەوە، لەبەردەم دادوەر و پۆلیسدا، دانیان بە تاوانەکەیاندا نا و هەروەها چەندین تاوانی دیکەیان ئاشکراکرد، کە لەکاتی جیاجیا و لە رابردوودا، لە هەمان شوێن ئەنجامیانداوە".

دوو تۆمەتبارەکە، بەبڕیاری دادوەر لە زینداندا بە راگیراوی دەمێننەوە و بەگوێرەی ماددەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

ماددەی 443ی یاسای سزادانی عێراقی، تایبەتە بە سزادانی ئەو کەسانەی دزی ئەنجام دەدەن و بەگوێرەی مادەکە، دادوەر بڕیار دەدات بە سزادانی تاوانبار بە زیندانیکردن بە مەرجێک ماوەکەی لە 10 ساڵ زیاتر نەبێت.

وێنەی تۆمەتباران
وێنەی تۆمەتباران
Fly Erbil Advertisment