عێراق لیژنەیەک بۆ دانوستان دەنێرێتە ئێران

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق تاوتوێی دابینکردنی کارەبا لە وەرزی هاوین دەکات

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وزەی عێراق
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وزەی عێراق

K24 - هەولێر

بۆ تاوتوێکردنی دابینکردنی گاز و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان، حکومەتی عێراق لیژنەیەک بۆ دانوستان دەنێرێتە ئێران.

بە گوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی وەزیران، لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بە وردی باس لە دۆخی کارەبای عێراق بۆ چەند مانگی داهاتوو کراوە، بە تایبەت لە بوارەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردنی، هەروەها نۆژەنکردنەوەی وێستگەکانیش.

هاوکات تاوتوێکردنی دۆخی کارەبا و ئامادەکارییەکان بۆ دابینکردنی کارەبا هەنگاوە پێشوەختەکان و ئاستەنگەکان بۆ دروستبوونی قەیران لە وەرزی هاویندا تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە بوو.

لە کۆبوونەوەکە سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی تایبەتی پێکهێنا، بۆ ئەوەی سەردانی ئێران بکەن و لەبارەی دابینکردنی گاز و کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ وڵاتەکە گفتوگۆ بکەن.