ھەولێر رێکاری پێویست بۆ رێگرتن لە پەتای تای خوێنبەربوون دەگرێتەبەر

نیشانەکانی ئەو نەخۆشییە چیین و تا ئێستا چەن توشبوو لە عێراق هەیە؟

بینای پارێزگای هەولێر - فۆتۆ: کوردستان24 - ئەرشیف
بینای پارێزگای هەولێر - فۆتۆ: کوردستان24 - ئەرشیف

K24 - هەولێر:

دوای بڵاوبوونەوەی پەتای تای خوێنبەربوون لە بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق، پارێزگای هەولێر حەوت رێنمایی دەرکرد بەمەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە. 

د. دلۆڤان محمد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر لەبارەی ئەو پەتا نوێیەی لە عێراق بڵاوبووەوەتەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، پەتای تای خوێنبەربوون، یەکێکە لەو نەخۆشیە گوازراوەنەی کە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، لە ساڵانی رابردوو چەندین جار تووشبووی ئەو نەخۆشییە تۆمار کراوە، ئێستاش لە عێراق بە شێوەیەکی گشتی و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور بە تایبەتی، بەکۆی گشتی نزیکەی 53 کەیس تۆمار کراوە.

سەبارەت بە تووشبووەکانی ئەو نەخۆشییە لە عێراق د. دلۆڤان گوتی: "بەشێکیان چارەسەرکراون و کەیسی گیان لەدەستدانیش هەبووە."

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، "ئەم پەتایە دەبێت لەلایەن دوو کەرتەوە چارەسەر بکرێت، یەکەمیان کەرت و بەڕێوەبەرایتیەکانی ڤێرتەرنەرییە و لایەنەکەی دیکەش کەرتی تەندروستییە."

لەسەر کۆبوونەوەی پارێزگای هەولێر بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر رایگەیاند، کۆبوونەوەی پارێزگا کارێکی پێویست بوو بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە، هەروەها بۆئەوەی زیاتر پێداچوونەوە بە رێنماییەکاندا بکرێت و هاووڵاتییان سەبارەت بەم پەتایە هۆشیار بکرێنەوە، بە تایبەتی لەم کاتەدا کە بڕێکی زیاتری گۆشت دەخورێت.

لەبارەی دەرکەوتنی نەخۆشیەکە لە هەولێر، د. دلۆڤان گوتی: "تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی گومانلێکراویش نییە، بەڵام ئێمە پێمان باش بوو پێش وەختە وەک خۆپارێزیەک رێکارەکان دەستپێبکەین."

ئەو پزیشکە گوتیشی: "تا، هەستکردن بە ئازاری جەستە و خاوبوونەوەی دڵ لە نیشانەکانی ئەو نەخۆشیەن و هاووڵاتییان دەبێت بە وریایەوە ئاگاداری ئەم بابەتە بن."

لەلایەکی دیکەوە،  د. دلۆڤان محمد سەبارەت بە کۆرۆنا ئەوەی ئاشکرا کرد کە، "هیچ نەخۆشێکی کۆرۆنا نەخۆشخانەکان نەماوە، تەنیا یەك نەخۆش مابوو، ئەویش لە کۆڤید دەرچووبوو بەڵام کاریگەریە لاوەکیەکانی مابوو لەسەری، سەرەڕای ئەمانە، پشکینینی کۆرۆنا هێشتا بەردەوامە و ئێستاش رۆژانە نزیکەی 800 پشکنین ئەنجام دەدرێت، لەو ژمارە زۆرەی پشکنینیش تەنیا چەند حاڵەتێکی کەمی توشبوو دەستنیشان دەکرێت."

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی پاریزگای هەولێر، لەپێناو کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکە و پاراستنى سەلامەتى گیانى هاوڵاتییان و ڕیگەگرتن لە مەترسییەکانى بڵاو بوونەوەى نەخۆشى (تاى خوێنبەربوون)، کۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیارانەى خوارەوە:-

یەکەم/ بە هیچ شێوەیەک ڕێگا نادرێت ئاژەڵ لە دەرەوەى کوشتارگەکان بەبێ پشکنینى ڤێتەرنەرى سەرببڕدرێت لەبەردەم دوکان و شەقامەماکان، ئەرکى قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحییە و شارەوانى و لیژنەکانى تەندروستی و بازاڕە ڕێگرى لەو کارە بکەن، هەرکەس و لایەنێک سەرپێچى بکات ڕێکارى توندى یاسایی لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر.

دووەم/ بەهاوکارى یەکە کارگێڕیەکان دەست بکرێت بە هەڵمەتى شوشتن و ڕشاندنى ئاژەڵى خۆماڵى.

سێیەم/ لەلایەن هۆبەکانى ڤێتەرنەرى و موختارى گوندەکان، هەموو ئەو هاوڵاتیانەى خاوەنى ئاژەڵ و کارى ئاژەڵدارى دەکەن، ئاگادار بکرێنەوە لە ڕشاندنى ئاژەڵەکانیان بە دەرمانى دژە (قرنە).

چوارەم/ ڕشاندنى گۆڕەپان (مەیدان)ى ئاژەڵان بەگشتى.

پێنجەم/ خاوەنى کێڵگەکان و بازرگانانى ئاژەڵان، دەبێت لەسەر ئەرکى خۆیان پابەندبن بە ڕشاندنى ئاژەڵەکانیان بەسەرپەرشتى ڤێتەرنەرى.

شەشەم/ دەبێت باخچەکانى ئاژەڵانى سنوورى پارێزگاى هەولێر، لەژێر سەرپەرشتى ڤێتەرنەرى هەموو ئاژەڵەکانیان بشۆن و بڕشێنن.

حەوتەم/ هاتنى ئاژەڵ و گۆشت لەدەرەوەى شارى هەولێر بەبێ پشکنینى ڤێتەرنەرى و پزیشکى، بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە.