رووسیا ژێرخانی هێڵی ئاسنینی ئۆکرانیا دەکاتە ئامانج
"لە چەندین ناوچە جموجۆڵی شەمەندەفەر وەستاوە"
K24 – هەولێر
بەرپرسانی ئۆکرانیا ئاشکرای دەکەن، سوپای رووسیا ژێرخانی هێڵی ئاسنین (شەمەندەفەر)یان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا بۆمباران کردووە.
ئۆلکسەندەر کامیشیم، سەرۆکی دەستەی هێڵی ئاسنینی ئۆکرانیا رایگەیاند: "بۆردومانەکانی رووسیا شەش وێستگەی هێڵی شەمەندەفەریان لە ناوچەکانی ناوەڕاست و رۆژئاوای ئۆکرانیا کردووەتە ئامانج و زیانی گەورەی پێگەیاندوون، کە بەو هۆیەوە لانی کەم گەشتی 14 شەمەندەفەر دواکەوتوون".
لای خۆیەوە حاکمی ناوچەی دنیبرۆ ئاماژەی بەوەداوە، بەهۆی مووشەکەکانی رووسیا بۆ سەر هێڵی ئاسنینی ناوچەکەیان، هاووڵاتییەک بریندار بووە و جموجۆڵی شەمەندەفەریش وەستا.
سوپای ئۆکرانیاش رایگەیاند، هێڵی شەمەندەفەری ناوچەی کیروفوهراد زیانێکی گەورەی پێگەیشتووە.
لەلایەکی دیکەوە، حاکمی ناوچەی دۆنێتسک لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا باسی لەوە کردووە، بەهۆی هێرشەکانی رۆژی سێشەممەی رووسیا بۆ سەر ناوچەکەیان 21 هاووڵاتی سڤیل کوژراون و 27ی دیکەش بریندار بوون.
سەرچاوە: سکای نیوز