رووسیا بۆ "هەتاهەتایە" لە باشووری ئۆکرانیا دەمێنێتەوە

یەکەمجارە بەرپرسێکی باڵای رووسیا لێدوانی لەمجۆرە بدات

ماریوپوڵ، وێنە: AP
ماریوپوڵ، وێنە: AP

K24 - هەولێر:

بەرپرسێکی پەرلەمانی رووسیا جەختی لەوە کردەوە کە رووسیا بۆ "هەتاهەتایە" لە باشووری ئۆکرانیا دەمێنێتەوە.

بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەندری تورچاك، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی رووسیا لەکاتی سەردانیکردنی شاری خێرسۆنی ئۆکرانیا کە مۆسکۆ پێشتر کۆنترۆڵکردنی تەواوی شارەکەی راگەیاندبوو، گوتی: "بە دانیشتوانی ناوچەی خێرسۆن رادەگەیەنم، رووسیا بۆ هەتاهەتایە لێرە دەمێنێتەوە، ئەوە گومانی تێدا نییە."

شاری خێرسۆن لە باشووری ئۆکرانیا
شاری خێرسۆن لە باشووری ئۆکرانیا

لەدوای دەستپێکردنی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە 24ـی شوباتەوە تا ئێستا، یەکەمجارە بەرپرسێکی باڵای رووسیا لێدوانی لەمجۆرە بدات و جەخت لەوە بکاتەوە کە ئەو شوێنانەی سوپای رووسیا داگیریکردوون، لێی دەمێننەوە.

ئەندری تورچاك گوتیشی: "هیچ گەڕانەوەیەک بۆ رابردوو نابێت. پێکەوە دەژین، گەشە بەم ناوچەیە دەدەین کە مێژوویەکی دەوڵەمەندی هەیە."

ئەندری تورچاك، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی رووسیا
ئەندری تورچاك، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی رووسیا

ئاماژەی بەوەشدا، کە رووسیا یارمەتی لۆجستی هەرێمی خێرسۆن دەدات، هەر وەک بۆ کۆماری گەلی دۆنتیسک و لوگانسک لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کردوویەتی کە مۆسکۆ دانی بە سەربەخۆیی ئەو دوو هەرێمەدا نا.