له‌ 2001 گیانی له‌ده‌ستدا و له‌ 2016 به‌خاك سپێردرا

ته‌رمه‌كه‌یان ده‌ستنه‌كه‌وت و چه‌ند دڵۆپه‌ خوێنێكییان به‌ خاك سپارد

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌ندامانی خێزانی پیاوێكی ئاگركوژێنه‌وه‌، كه‌ له‌ روداوی 11ی سێپتێمبه‌ری 2001 و له‌ كاتی داڕووخانی هه‌ردوو تاوه‌ری بازرگانی جیهانی له‌ نیویۆك بێسه‌روشوێن بوو، رێوڕه‌سمی به‌خاك سپاردنیان رێكخست.

رۆژی 17ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2016، له‌ رێوره‌سمێكدا، له‌ یه‌كێك له‌ كلێساكانی نیویۆرك، تابووتی "لۆرێنس ستاك"ی 58 ساڵان، به‌ خاك سپێردرا.

جیا له‌وه‌ی 15 ساڵ به‌سه‌ر گیانله‌ده‌ستدانی تێپه‌ڕ ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ تابووته‌كه‌ لاشه‌ی لۆێنسی تێدا نه‌بوو، چونكه‌ له‌ رووداوه‌كه‌دا بێسه‌روشوێن بووه‌ و ته‌نانه‌ت هیچ ئه‌ندامێكی له‌شیشی نه‌دۆزرایه‌وه‌، خێزانی لۆرێنس، چه‌ند دڵۆپه‌ خوێنێكیان له‌ناو تابووته‌كه‌دا انابوو، وه‌ك هێمایه‌ك بۆ لاشه‌ی مردووه‌كه‌یان.

ئه‌و چه‌ند دڵۆپه‌ خوێنه‌ش، له‌ یه‌كێك له‌ بنكه‌ ته‌ندروستییه‌كانی شاره‌كه‌ ده‌ستییان كه‌وتووه‌، كه‌ چه‌ند مانگێك پێش رووداوه‌كه‌، لۆرێنس، سه‌ردانی كردبوو و بتڵێك خوێنی پێ به‌خشیبوون و ناوی ئه‌و پیاوه‌ی ئاگركوژێنه‌وه‌یه‌ له‌ لیستی خوێنبه‌خشانی نه‌خۆشخانه‌كه‌ تۆماركرابوو.

دوو كوڕی لۆرێنس، كه‌ ئێستا هاوشێوه‌ی باوكییان پیاوی ئاگركوژێنه‌وه‌ن، تابووته‌كه‌ی باوكیان هه‌ڵگرتووه‌ و به‌ره‌و كلێساكه‌ ده‌یگوازنه‌وه‌، تاكو سرووته‌ ئایینییه‌كانی تایبه‌ت به‌ كریستیانه‌كان ئه‌نجام بده‌ن.

به‌ڕێوه‌به‌ری ئاگركوژێنه‌وه‌ی نیویۆرك ده‌ڵێت: "لۆرێنس ستاك، له‌كاتی داڕووخانی تاوه‌ی باشوور، توانی خۆی له‌ ژێر داروپه‌ردووه‌كاندا رزگار بكات".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئه‌و ده‌یویست یارمه‌تی هاووڵاتییه‌ك بدات كه‌ قاچی بریندارببوو، به‌ڵام له‌و كاته‌دا تاوه‌ری باكووریش داڕووخا و بووه‌ هۆی مردنی هه‌ردووكیان".

هه‌رچه‌نده‌ به‌شێك له‌ جلوبه‌رگی لۆرێنس له‌ناو داروپه‌ردووه‌كاندا دۆزرایه‌وه‌، به‌ڵام نه‌توانرا دوای مردنیشی هیچ ئه‌ندامێكی جه‌ستی، یاخود به‌شێك له‌ لاشه‌ی بدۆزرێته‌وه‌، بۆیه‌ دوای 15 ساڵ خێزانه‌كه‌ی بڕیاریاندا رێوڕه‌سمی به‌خاك سپاردنی بۆ رێكبخه‌ن.

2763 كه‌ له‌ رووداوه‌كه‌ی 11ی سێپته‌مبه‌ری 2001 گیانییان له‌ده‌ستدا و ته‌نها لاشه‌ی 1637 دۆزرانه‌وه‌ و ئه‌وانی دیكه‌ش به‌هۆی گڕگرتنی تاوه‌ره‌كان و داڕووخانییان، هیچ شوێنه‌وارێكیان نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌.

له‌ رووداوه‌كه‌دا 343 پیاوی ئاگركوژێنه‌وه‌ گیانییان له‌ده‌ستداو 127 كه‌سیش له‌وان بێسه‌روشوێن بوونه‌.