ژمارەی بریندارانی تەقینەوەی کافتریاکەی سلێمانی بەرز بووەتەوە
چوار لە بریندارەکان نەشتەرگەریان بۆ دەکرێت
K24 – سلێمانی
بەهۆی تەقینەوەی سیستمی غاز لە یەکێک لە کافتریاکانی سلێمانی 14 کەس بریندار بوون و زیانی زۆری مادیشی لێکەوتووەتەوە.
ئارام بەختیار پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "بەگوێرەی دوایین زانیاری لە تەقینەوەکەدا 14 کەس بریندار بوونە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە".
ئاماژەی بەوەشکرد: "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەو رووداوە بەهۆی لێچوونی غاز روویداوە".
سەبارەت بە باری تەندروستی بریندارەکان، پەیامنێرمان لە زاری تیمەکانی تەندروستی گوتی: "باری تەندروستی بریندارەکان جێگیرە، بەڵام چوار لە بریندارەکان پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە و ئەمڕۆ نەشتەرگەریان بۆ دەکرێت".
پەیامنێرمان، باسی لەوەشکرد: "جگە لەوەی بینای کافتریاکە بە تەواوی داڕوخاوە، خانووی چەند هاووڵاتییەکی نزیک لە کافتریاکەش زیانی زۆریان بەرکەوتووە".