باوكی لیا: سه‌گه‌كان كچه‌كه‌میان پارچه پارچه كردبوو
ئه‌و سه‌گانه‌ی په‌لاماری كچه 10 ساڵییه‌كه‌یان داوه، سه‌گی ماڵی بوون
K24 - هه‌ولێر:
باوكی ئه‌و كچه 10 ساڵه‌ی له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك سه‌گه‌وه له گه‌ڕه‌كی راپه‌ڕینی شاری سلێمانی به‌هۆی په‌لاماری سه‌گه‌وه گیانی له‌ده‌ستدا، رایگه‌یاند، ئه‌و سه‌گانه‌ی په‌لاماری كچه‌كه‌میان دابوو، سه‌گی به‌ره‌ڵا نه‌بوون، به‌ڵكو سه‌گی ماڵی بوون و له ماڵی دراوسێیهكهمدا كچه‌كه‌م له‌ژێر قه‌پی 3 سه‌گدا پارچه پارچه كرا.
عه‌لی، باوكی "لیا"ی 10 ساڵانه، ئاماژه‌ی به‌وه كرد، كچه‌كه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر دیار نه‌ماوه، بۆیه به‌دوایدا گه‌ڕاون، تا له ماڵی دراوسێیه‌كیان ده‌یدۆزنه‌وه، به‌ڵام له‌ژێر قه‌پی 3 سه‌گدا بووه.
گوتیشی: كچه‌كه‌م چووبووه ماڵی دراوسێیه‌كمان، ئه‌و ماڵه 3 سه‌گی ماڵی‌یان هه‌یه، هه‌ر سێ سه‌گه‌كه په‌لاماری كچه‌كه‌میان داوه و پارچه پارچه‌یان كردووه.
باوكی "لیا" ئاشكرای كرد، به هاوكاری پاسه‌وانی ماڵه دراوسێیه‌كه‌ی، سه‌گه‌كانی له كچه‌كه‌ی دوورخسته‌وه و هه‌ڵگرتووه‌ته‌وه، به‌ڵام به جۆرێك جه‌سته‌ی شێواوه، كه به‌كه‌ڵكی ئه‌وه نه‌هاتووه بۆ نه‌خۆشخانه‌شی ببات، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "ته‌نانه‌ت به دایكیشیم نیشان نه‌داوه".