وردهكاری نوێ لهبارهی چیرۆكی كوشتنی لیای تهمهن 10 ساڵان لهلایهن سهگهكانهوه
چۆنیهتی گهیشتنی لیا بۆ لای ئهو سهگانهی كۆتاییان بهژیانی ئهو هێنا بهوردی دهگێڕێتهوه
K24- ههولێر:
ژیار مستەفا، بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی سەردانی ئەو شوێنەی کردووە، کە تێیدا سهگ پهلاماری کچە 10 ساڵانەکەیان دا و كوشتییان.
بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی گوتی: "ئێمە چوینە شوێنی روداوەکە، بینیمان کە سیاجێکی بەرزی توندوتۆڵ کرابوو بۆ شوێنی مانەوەی سەگەکان و بەرزی سیاجەکە 2 مهتر زیاتر بوو.
لیا پێشتر بە شوێنی ئەم سەگانەی زانیوە، چونکە ئەوان ھەموویان لە یهك گهڕهكن، کە ئاژەڵی ماڵی لێی راگیراوە لە مریشك و مەروماڵات، بەھەمان شێوە سەگی زینە و سەگی بچوك و گەورەی لێبوو، تەنانەت ماڵی لیاش ئاژەڵ و چەند سەگێکیان له حەوشەکەیاندا ھەبوو".
رۆژی یەکشەممە، کە رۆژێك بهر له روودانی رووداوەکەیە، سەرلەبەیانیەکەی لیا دەچێت بۆلای سەگەکان و دەست دەبات بۆ ناو قەفەزەکە و دەیەوێت بەو سیاجەی کراوە بۆ سەگەکان سەرکەوێت قاچێکی دەباتە ئەودیو بەڵام ناتوانێت بچێته ئەودیو سیاجەکە، دەگەڕێتەوە و دەچێتەوە ماڵی خۆیان، ئەمانە ھەمووی لە کامێرای چاودێریەکەوە دەردەکەوێت..
رۆژی دووشەممە کە خۆڵبارینێکی زۆرە، خوشکە گەورەکەی لیا ئاھەنگی دەرچوونی دەبێت، خۆیان ئامادە دەکەن و دەچن بۆ ئاھەنگەکە، لیا 5 خوشکی ھەیە لەگەڵ دووبرا، تەنانەت دایکی گوتی، جوان لیام شوشت و جلی ئاھەنگەکەشم لەبەرکرد، دواتر گوتی نایەم بۆیە، شۆرت و فانیلەیەکم لەبەر کرد و چووە لای دوو کچی دراوسێمان، کە پێشتریش دەچوو بۆ یاریکردن بۆ ماڵیان، باوکی لیا لەماڵ بوو میوانی ھەبوو.
دواتر لیا لای ھاورێکانی دەڕوات و دووبارە دەچێتەوە بۆ ناو باخی ئەو ماڵە و لەوێ دەیەوێت دەرگای قەفەزی سەگەکان بکاتەوە، بهڵام بۆی ناکرێتەوە، بۆیە ئەمجارە لە بەشی پشتەوە دەچێتە سەر تەلبەندەکەی کراوە بە سیاجێك بۆ سەگەکان و لەوێوە خۆی دەخاتە سەر سەقفی ژووری سەگەکان و دواتر دەتوانێت بڕواتە لای سەگەکان، ئەوانیش پەلاماری دەدەن و ئەو کارەساتە روودەدات، ئەو ڕۆژە خۆڵبارینێکی زۆر دەبێت و کەس لە حەوشە و ماڵەکەی باخەکەدا نابینرێت.
دوای گەرانێکی زۆر کە کاتژمێر 2ی نیوەڕۆ لیا ماڵی جێھێشتووە و چووهتە دەرەوە، دوای نیوکاتژمێر بۆ سەعاتێك باوکی دەبینێت لیا لەگەل منداڵەکانی دراوسێ نیە و دەکەوێتە گەڕان، زۆر بەشوێنیدا ئەگەرێن و دواتر بەداخەوە دەبینێت ھەر پەلێکی بەدەمی سەگێکەوەیە و گیانی لەدەستداوە و لیا جەستەی لە چەند لایەکەوە شێوابوو، ئەوەی ئێمە لە وێنەکاندا بینیمان قاچێکی و سك و قورگی ھەمووی شوێنی ھێرشی سەگەکان بوو، بەجۆرێك بوو کە بەڕاستی قورس بوو سەیرکردنی وێنە و ڤیدۆکان، بۆیە دەست بەجێ لە بەتانیەکەوە دەیپێچن و دەبرێتە مزگەوت و میوانەکەی ماڵی باوکی لیا و دراوسێ و ھاوڕێکانیان شایەتحاڵ بوون و بۆیان باسکردین، کە ئێمە خەڵکی ئەم گەرەکە ھەموو دۆست و کەسی یەکین، بۆ ئەوەی کێشەی کۆمەڵایەتی لێ نەکەوێتەوە، باوکی لیا تەنانەت نەیھێشت سەگەکان بکوژرینەوە، بەڵام خاوەنی سەگەکان گوتی ئێمە نەمانتوانیوە ئەو سەگانە بھێڵینەوە، چونکە مەترسیدار دەبوو و بینیان ئازاری ئێمە و باوك و دایکی لیاش دەدات، بۆیە بڕیارماندا کە بیانکوژین.
بۆ زانیاری زیاتر کامێرەی چاودێریەکان براوەتە بەردەم دادوەر بۆ بەدواداچوون و سەرجەم وێنە و بەڵگەکان پارێزراون. ھەردوو خێزانی رووداوەکەیان لێبەسەر ھاتووە، کارەساتبارن و لە دۆخێکی قورسدان، تکایە وەك ئەرکێکی ئەخلاقی و ئینسانی پێویستە خەمەکەیان قوڵتر نەکەین و بۆ ھەر رووداوێك چاوەڕێی کاری یاسایی و ئیداری و بڕیار و دەرئەنجامی راست و دروست بن، کە دادوەر و دادگا بەڕێزەکان بڕیاری لەسەر دەدەن.
H.B