ورده‌كاری نوێ له‌باره‌ی چیرۆكی كوشتنی لیای ته‌مه‌ن 10 ساڵان له‌لایه‌ن سه‌گه‌كانه‌وه‌

چۆنیه‌تی گه‌یشتنی لیا بۆ لای ئه‌و سه‌گانه‌ی كۆتاییان به‌ژیانی ئه‌و هێنا به‌وردی ده‌گێڕێته‌وه‌

وێنه‌ی ئه‌و شوێنه‌ی سه‌گه‌كان لیای ته‌مه‌ن 10 ساڵانیان تێدا كوشت
وێنه‌ی ئه‌و شوێنه‌ی سه‌گه‌كان لیای ته‌مه‌ن 10 ساڵانیان تێدا كوشت

K24- هه‌ولێر:

ژیار مستەفا، بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی سەردانی ئەو شوێنەی کردووە، کە تێیدا سه‌گ په‌لاماری کچە 10 ساڵانەکەیان دا و كوشتییان.

بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی گوتی: "ئێمە چوینە شوێنی روداوەکە، بینیمان کە سیاجێکی بەرزی توندوتۆڵ کرابوو بۆ شوێنی مانەوەی سەگەکان و بەرزی سیاجەکە 2 مه‌تر زیاتر بوو.

لیا پێشتر بە شوێنی ئەم سەگانەی زانیوە، چونکە ئەوان ھەموویان لە یه‌ك گه‌ڕه‌كن، کە ئاژەڵی ماڵی لێی راگیراوە لە مریشك و مەروماڵات، بەھەمان شێوە سەگی زینە و سەگی بچوك و گەورەی لێبوو، تەنانەت ماڵی لیاش ئاژەڵ و چەند سەگێکیان له‌ حەوشەکەیاندا ھەبوو".

رۆژی یەکشەممە، کە رۆژێك به‌ر له‌ روودانی رووداوەکەیە، سەرلەبەیانیەکەی لیا دەچێت بۆلای سەگەکان و دەست دەبات بۆ ناو قەفەزەکە و دەیەوێت بەو سیاجەی کراوە بۆ سەگەکان سەرکەوێت قاچێکی دەباتە ئەودیو بەڵام ناتوانێت بچێته‌ ئەودیو سیاجەکە، دەگەڕێتەوە و دەچێتەوە ماڵی خۆیان، ئەمانە ھەمووی لە کامێرای چاودێریەکەوە دەردەکەوێت..

رۆژی دووشەممە کە خۆڵبارینێکی زۆرە، خوشکە گەورەکەی لیا ئاھەنگی دەرچوونی دەبێت، خۆیان ئامادە دەکەن و دەچن بۆ ئاھەنگەکە، لیا 5 خوشکی ھەیە لەگەڵ دووبرا، تەنانەت دایکی گوتی، جوان لیام شوشت و جلی ئاھەنگەکەشم لەبەرکرد، دواتر گوتی نایەم بۆیە، شۆرت و فانیلەیەکم لەبەر کرد و چووە لای دوو کچی دراوسێمان، کە پێشتریش دەچوو بۆ یاریکردن بۆ ماڵیان، باوکی لیا لەماڵ بوو میوانی ھەبوو.

دواتر لیا لای ھاورێکانی دەڕوات و دووبارە دەچێتەوە بۆ ناو باخی ئەو ماڵە و لەوێ دەیەوێت دەرگای قەفەزی سەگەکان بکاتەوە، به‌ڵام بۆی ناکرێتەوە، بۆیە ئەمجارە لە بەشی پشتەوە دەچێتە سەر تەلبەندەکەی کراوە بە سیاجێك بۆ سەگەکان و لەوێوە خۆی دەخاتە سەر سەقفی ژووری سەگەکان و دواتر دەتوانێت بڕواتە لای سەگەکان، ئەوانیش پەلاماری دەدەن و ئەو کارەساتە روودەدات، ئەو ڕۆژە خۆڵبارینێکی زۆر دەبێت و کەس لە حەوشە و ماڵەکەی باخەکەدا نابینرێت.

دوای گەرانێکی زۆر کە کاتژمێر 2ی نیوەڕۆ لیا ماڵی جێھێشتووە و چووه‌تە دەرەوە، دوای نیوکاتژمێر بۆ سەعاتێك باوکی دەبینێت لیا لەگەل منداڵەکانی دراوسێ نیە و دەکەوێتە گەڕان، زۆر بەشوێنیدا ئەگەرێن و دواتر بەداخەوە دەبینێت ھەر پەلێکی بەدەمی سەگێکەوەیە و گیانی لەدەستداوە و لیا جەستەی لە چەند لایەکەوە شێوابوو، ئەوەی ئێمە لە وێنەکاندا بینیمان قاچێکی و سك و قورگی ھەمووی شوێنی ھێرشی سەگەکان بوو، بەجۆرێك بوو کە بەڕاستی قورس بوو سەیرکردنی وێنە و ڤیدۆکان، بۆیە دەست بەجێ لە بەتانیەکەوە دەیپێچن و دەبرێتە مزگەوت و میوانەکەی ماڵی باوکی لیا و دراوسێ و ھاوڕێکانیان شایەتحاڵ بوون و بۆیان باسکردین، کە ئێمە خەڵکی ئەم گەرەکە ھەموو دۆست و کەسی یەکین، بۆ ئەوەی کێشەی کۆمەڵایەتی لێ نەکەوێتەوە، باوکی لیا تەنانەت نەیھێشت سەگەکان بکوژرینەوە، بەڵام خاوەنی سەگەکان گوتی ئێمە نەمانتوانیوە ئەو سەگانە بھێڵینەوە، چونکە مەترسیدار دەبوو و بینیان ئازاری ئێمە و باوك و دایکی لیاش دەدات، بۆیە بڕیارماندا کە بیانکوژین.

بۆ زانیاری زیاتر کامێرەی چاودێریەکان براوەتە بەردەم دادوەر بۆ بەدواداچوون و سەرجەم وێنە و بەڵگەکان پارێزراون. ھەردوو خێزانی رووداوەکەیان لێبەسەر ھاتووە، کارەساتبارن و لە دۆخێکی قورسدان، تکایە وەك ئەرکێکی ئەخلاقی و ئینسانی پێویستە خەمەکەیان قوڵتر نەکەین و بۆ ھەر رووداوێك چاوەڕێی کاری یاسایی و ئیداری و بڕیار و دەرئەنجامی راست و دروست بن، کە دادوەر و دادگا بەڕێزەکان بڕیاری لەسەر دەدەن.

H.B