نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەو ئامێرانەی بێ دەستێوەردانی مرۆڤ گیان ده‌ستێنن لەڕووی سیاسییەوە قبوڵ کراو نیین

"خراپ بەکارھێنانی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی لە ساڵی 2015وە تا ئێستا چوار ھێندە زیادیکردووە"

ئاڵای نەتەوە یەکگتووەکان
ئاڵای نەتەوە یەکگتووەکان

K24 - هەولێر:

رێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەکارھێنانی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی به‌ مەبەستی سیاسیی و سەربازیی بە شێوەیەکی خراپ لەلایه‌ن دەوڵەت و لایەنەکانی دەرەوەی دەوڵەته‌وە لە ساڵی 2015وە تا ئێستا چوار ھێندە زیادیکردووە.

یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی، رۆزماری دی کارلۆ لە گوتارێکیدا لە ئەنجوومەنی ئاسایش سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی بەبێ سنوور دەرفەتی پێشکەشی ھەموو بوارێکی ژیان کردووە بەڵام مەترسیی نوێشی درووستکردووە.

رۆزماری دی کارلۆ رایگه‌یاند: "خراپیی بەکارھێنانی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی لەلایەن لایەنە حکومی و ناحکومییەکانەوە بۆ مەرامی سیاسی و سەربازی لە ساڵی 2015وە تا ئێستا نزیکەی چوار ھێندە زیادیکردووە".

دی کارلۆ گوتیشی: "لە ھەمان کاتدا چەکە کوشندە سەربەخۆکان پرسیار دەربارەی بەرپرسیارێتی مرۆڤ لە بەکارھێنانی ھێز دەوروژێنێت".

یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی ئاشكرایشیكرد، ئەو ئامێرانەی بێ دەستێوەردانی مرۆڤ گیان ده‌ستێنن "لە رووی سیاسییەوە قبوڵ کراو نیین و لەڕووی ئەخلاقیشەوە قێزەونن" و رایگەیاند دەبێت ئەم ئامێرانە لەلایەن یاسای نێودەوڵەتییەو قەدەغە بکرێت.

aa