بەشێک لە زەوییەکانی چاڤیلاند دەفرۆشرێت
بە 36 ملیار و 265 ملیۆن و 500 هەزار دینار خەملێنراوە

K24 – سلێمانی
بە شێوەی زیادکردنی ئاشکرا و لەبری قەرزی بانک، بەشێک لە زەوییەکانی پڕۆژەی چاڤیلان لە سلێمانی دەفرۆشرێت.
بەرپرسێکی ئیدارەی پارێزگای سلێمانی کە نەیویست ناوی بنووسرێت بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو موڵکە لەبری قەرزی بانک دەفرۆشرێت، چونکە ئەو پڕۆژەیە قەرزدارە و قەرزەکەیان نەداوەتە حکومەت".
کوردۆ ئەفراسیاب ئیبراهیم، بەڕێوەبەری تۆماركردنی خانوبەرەی دووەمی سلێمانی رایگەیاند: "بەڕێوەبەرایەتیمان لە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆی رێکەوتى 25/5/2022، هەڵدەستێت بە فرۆشتنی هەموو موڵکی (139/299) کەرتی (1 مەڵکەندی و دەباشان) بە زێدەگەریی ئاشکرا کە رەگەزەکەی زەوییە و رووبەرەکەی (9 دۆنم) و (16 ئۆلک) و (77) مەتر دووجایە و دەکەوێتە ناو پڕۆژەی چاڤیلاندەوە، هەروەها خەملێنراوە بە (36) ملیار و (265) ملیۆن و (500) هەزار دینار".
ئاماژەی بەوەشکردووە: "هەرکەس ئارەزووی بەشداریکردنی لەو زێدەگەرییەدا هەیە با پێش کاتژمێر 12ی ئەمڕۆ سەردانی ژووری (39)ی هۆبەی یاسا بکات و بڕی (3) ملیار و (626) ملیۆن و (550) هەزار دینار وەک بارمتەی یاسایى بە (چەکی تأمیناتی بانکی) لەگەڵ خۆی بهێنێ تاکو بتوانێ بەشداری بکات لە زێدەگەرییەکەدا".
پەیوەست بەو پرسە ئەمڕۆ ژمارەیەک لە خاوەن پشکەکانی چاڤیلاند، کە چەند ساڵێکە پارەیان داوە بەو پڕۆژەیە لەبەردەم فەرمانگەی تۆماری خانووبەرەی سلێمانی گردبوونەوە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا نوێنەری پشکەکانی چاڤیلاند رایگەیاند: "ساڵانی رابردوو لێرە کۆدەبووینەوە داوای شەفافیەت و دادوەری و چاک ئیدارەدانی چاڤیلاندمان دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ لەبەردەم فەرمانگەی خانووبەرە کۆبووینەتەوە و بەشێک لە چاڤیلاند دەفرۆشرێت و 155 ملیار دیناری نامێنێت لە دەستی خاوەن پشکەکان دەڕوات، بەبێ ئەوەی هیچ مافێکمان هەبێت و حیسابمان بۆ بکرێت، ئەمڕۆ رووی راستەقینەی شاسوار عەبدولواحید دەرکەوت، چاڤیلاند بە پارەی خەڵک دروستکرا و بەکارهێنرا بۆ پەردەپۆشکردنی گەندەڵییەکانی شاسوار، ئێمە باجی گەندەڵییەکانی شاسوار دەدەین، 155 ملیار دیناری خاوەن پشکەکان بۆ قەرز و قومار و گەندەڵییەکانی شاسوار دەڕوات".
گوتیشی: "کەی رەوایە ئێمە 11 ساڵە پارەمان خستووەتە ئەو پڕۆژەیە و چاوەرێمان دەکرد قازانج بکەین و چاڤیلاند ببێت بە مایەی خێر و خۆشی بۆ ئێمە و هەموو خەڵکی سلێمانی، بەڵام ئەمڕۆ سەرەتای کۆتاییهاتنی چاڤیلاندە و رووی راستەقینەی شاسوار بۆ هەموو خەڵکی سلێمانی دەرکەوت، ئەوە ئێمە نین قسە دەکەین، بەڵکو فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرەی سلێمانییە، بە دکیۆمێنت دەڵێت: 155 ملیار دینار لە سەرمایەی خاوەن پشکەکانی چاڤیلاند بۆ قەرەبووکردنەوەی قەرزەکانی شاسوار عەبدولواحید دەڕوات".