ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رێز لە ئیسماعیل بێشکچی دەنێت
رێوڕەسمەکە بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24 بەڕێوەدەچێت

K24 – هەولێر
لە رێوڕەسمێکدا بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە هەماهەنگی زانکۆی سۆران رێز لە نووسەر و کۆمەڵناسی ناسراوی تورک ئیسماعیل بێشکچی دەنێت.
بڕیارە کاتژمێر 10:30ی سەر لە بەیانی، پهرده لهسهر پهیكهری بێشكچی لە زانکۆی سۆران لابدرێت. بەم بۆنەیەشەوە، چەند وتارێک پێشکەش دەکرێن و بە بەشداری ژمارەیەک لە نووسەر و توێژەری ناسراویش، لە ژێر ناوی (تیۆری سەربەخۆیی کوردستان لە ئەحمەدی خانییەوە بۆ بێشکچی) دیدارێک بەڕێوەدەچێت.
لە دانیشتنی یەکەمی دیدارەکەدا، به ناونیشانی (بێشكچی و تێزی سەربەخۆیی کوردستان) هەر یەک لە (ئازاد جندیانی، ئیبراهیم گوریوز، د. ئیبراهیم مەلا زادە، د. ئیبراهیم مەحموود) بەشدار دەبن.
هەر ئەمڕۆ کاتژمێر 4ی ئێوارە، لە هەوارگەی پانکی گەشتیاریی رواندز، شەقامێک بە ناوی ئیسماعیل بێشکچی دەکرێت.
بەشی دووەمی دیدارەکە لەژێرناوی (پرۆسەی تیۆریزەکردنی فیکری سەربەخۆیی کوردستان) لە رواندز بەڕێوەدەچێت، کە هەریەک لە (جەلال تەمەر، د. کاوە مەحموود، ئەبوبەکر کاروانی، عەتا قەرەداغی)، بەشداری تێدا دەکەن.

ئیسماعیل بێشکچی لە ناوچەی ئیسکسلیپی لە نزیک پارێزگای کۆرم سەر بە چۆرووم لە ساڵی 1939 لەدایکبووە.
نووسەر و کۆمەڵناسێکی بە بەناوبانگی به رهگهز تورکە.
ھەموو ژیانی تەرخان کردووە بۆ پشتیوانی دۆزی کورد لە تورکیا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
نازناوی "ساری ھۆجا" بە تورکی لێنراوە، بە مانای "مامۆستا قژ زەردەکە" دێت.
بێشکچی ئەندامی فەخری دامەزراوەی PENە.
له زانکۆی ھونەر و ئەدەبی سەر بە زانکۆی ئەتاتورک لە ئەرزەڕووم، وەک یاریدەدەری پرۆفیسۆر وانەی کۆمەڵناسی گوتووەتەوە.
چەندین جار لەسەر هەڵوێست و وتارەکانی لە بارەی کێشەی کورد دادگایی کراوە.
یهکەم تێزی لەسەر هۆزێکی کۆچەری کوردی بە ناوی "عەلیکان" پێشکەش بە زانکۆی ئەنقەرە کردووە.
بەهۆی کتێب و نووسینەکانی، 17 ساڵ لە زیندان بووە و ھەروەھا 100 ساڵی زیندانی بەسەردا سەپێنراوە لە دادگاکانی تورکیا.
لە زانکۆی بۆغازئیچی ئیستەنبوڵ لە ساڵی 2013 دکتۆرای فەخری وهرگرتووه.
لە کۆی 36 بەرھەمی بێشکچی، 32 بەرھەمیان لە تورکیادا قەدەغە کراون.
چەند بەرهەمێکی بێشکچی:
شیکاری کۆبوونەوەکەی رۆژھەڵات، 1967
گۆڕانکاریی کۆمەڵگەی عەشیرەتە کۆچەریە کوردەکانی رۆژھەڵاتی ئەنادۆڵ، 1968
کێشەی پێکھاتەیی و کۆمەڵگەیی رۆژھەڵات، 1969
رۆژھەڵاتی ئەنادۆڵ - بنەما کۆمەڵناسی و ئابوورییە رەگەزییەکانی، 1969 چاپی دووەم
بەشێک له بهرههمهكانی وهرگێڕدراونهته سهر زمانی كوردی.
خەڵاتەکانی: پاڵێوراو بۆ خەڵاتی نۆبڵ (1987). مەدالیای بارزانی. دکتۆرای فەخری زانکۆی بۆغازئیچی