مه‌سرور بارزانی: شۆڕشی گوڵان خەونی دوژمنانی کوردستانی لەگۆڕنا

مه‌سرور بارزانی: بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە یادی هەموو پێشمەرگە قارەمان و بەشداربووانی شۆڕشی گوڵان دەکەینەوە، لە سەرووشیانەوە شەهیدی سەرکردە ئیدریس بارزانی

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ یادی 46ه‌مین ساڵه‌ی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا رایده‌گه‌یه‌نێت، شۆڕشی گوڵان وه‌ك درێژه‌پێده‌ری شۆڕشی گوڵان، خه‌ونی دوژمنانی له‌ گۆڕنا کە دەیانویست گەلی کوردستان لە ناوببەن.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا، كه‌ له‌ په‌یجی فه‌رمی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، دووپات له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، شۆڕشی گوڵان پەیامێکی بەهێزی گەلی کوردستان بوو کە ستەم و داگیرکاری ڕەتدەکاتەوە و هەرگیز دەستبەرداری مافە ڕەواکانی نابێت.

سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، له‌م شۆڕشه‌دا چه‌ندین داستان و نەبەردی مەزنیش تۆماركران، كه‌ دیارترینیان داستانی مێژوویی خواکوڕک بوو بە ڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

بەبۆنەی چل و شەشەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و پێشمەرگە قارەمانەکان و بەشدارانی شۆڕشەکە و کەسوکاری سەربەزری شەهیدان دەکەم.

شۆڕشی گوڵان وەک درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول، خەونی دوژمنانی کوردستانی لەگۆڕنا کە دەیانویست گەلی کوردستان لە ناوببەن، بۆیە پەیامێکی بەهێزی گەلی کوردستان بوو کە ستەم و داگیرکاری ڕەتدەکاتەوە و هەرگیز دەستبەرداری مافە ڕەواکانی نابێت، لەم پێناوەشدا قوربانییەکی زۆر درا و چەندین داستان و نەبەردی مەزنیش لە مێژووی خەباتی گەلی کوردستاندا تۆمار کران ، دیارترینیان داستانی مێژوویی خواکوڕک بوو بە ڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی.

ئەمڕۆ لە کاتێکدا یادی ساڵڤەگەڕی شۆڕشی گوڵان دەکەینەوە، کە خەباتی گەلی کوردستان لە پێناو پاراستن و بەرگریگردن لە دەسکەوت و دامەزراوە شەرعییەکانی، بەردەوامە و پێویستە خەڵکی کوردستان بە هەموو لایەن و پێکهاتەکانیەوە، داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی بکات کە بەخوێنی هەزاران شەهید بەدەستهاتوون .

لە ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە یادی هەموو پێشمەرگە قارەمان و بەشداربووانی ئەم شۆڕشە دەکەینەوە ، لە سەرووشیانەوە شەهیدی سەرکردە ئیدریس بارزانی.

دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و گشت شەهیدانی کوردستان .

مەسرور بارزانی

26ی ئایاری 2022

وێنه‌ی سه‌رۆك بارزانی و پۆلێك پێشمه‌رگه‌ی به‌شداربووی شۆڕشی گوڵان
وێنه‌ی سه‌رۆك بارزانی و پۆلێك پێشمه‌رگه‌ی به‌شداربووی شۆڕشی گوڵان