عه‌بادى وه‌ڵامى بانگهێشتى پادشاى سعووديه ناداته‌وه
ئه‌مه دووه‌م جاره بانگهێشتنامه‌ى ئاراسته‌ى سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق حه‌يده‌ر عه‌بادى كردووه بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ردانى رياز بكات.
K24 – هه‌ولێر:
باڵيۆزى عه‌ره‌بستانى سعووديه له به‌غدا سامر سه‌بهان رايگه‌ياند، شا سه‌لمانى كوڕى عه‌بدولعه‌زيز ئه‌مه دووه‌م جاره بانگهێشتنامه‌ى ئاراسته‌ى سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق حه‌يده‌ر عه‌بادى كردووه بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ردانى رياز بكات.
باڵيۆزى عه‌ره‌بستان ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، كه هيوا خوازه عه‌بادى له نزيكترين واده‌دا وه‌ڵامى بانگهێشتى ره‌سمى پادشاى عه‌ره‌بستان بداته‌وه و سه‌ردانى رياز بكات بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ردوولا له نزيكه‌وه له باره‌ى بنياتنانى روانگه‌يه‌كى ستراتيژيانه بۆ په‌يوه‌ندييه‌كانيان وتوێژ بكه‌ن.
سه‌باره‌ت به ده‌ركه‌وتنيشى له شاره سوننه نشينه‌كانى عێراق له‌وانه فه‌لوجه، ئه‌و باڵێۆزه‌ى سعووديه رايگه‌ياند، ماوه‌يه‌كى درێژه له ده‌ره‌وه‌ى عێراقم و به هيچ شێوه‌يه‌ك سه‌ردانى ئه‌و شارانه‌م نه‌كردووه.
پێشتر عه‌بادى رايگه‌ياندبوو، له نێوان سعووديه و عێراقدا هيچ هه‌ماهه‌نگييه‌ك بۆ ئه‌نجامدانى سه‌ردانه‌كانى نه‌كراوه هه‌ربۆيه تا ئێستا وه‌ڵامى بانگهێشته‌كانى سعووديه‌ى نه‌داوه‌ته‌وه.