لیوا عەبدولخالق تەڵعەت: تا پەکەکە لە شنگال بێت دۆخی ناوچەکە ئارام نابێت

"جموجۆڵی داعش لە ناوچەکانی عێراق کەمنەبووەتەوە"
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق

K24 - هەولێر

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، چەکدارانی داعش هێرشەکانیان لە ناوچە کوردستانییەکان بەردەوامە و هەڕەشەیان بۆ سەر ناوچەکە کەمینەکردووە. راشیدەگەیەنێت، تا چەکدارانی پەکەکە لە شنگال نەچنە دەرەوە، دۆخی ئەو ناوچانە بە ئاڵۆزی دەمێننەوە.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بە کوردستان24ی راگەیاند: "رۆژانە لە ناوەڕاستی عێراق و ناوچەکانی کەرکووک و تکریت هێرشەکانی داعش بەردەوامە، هێرش دەکەنە سەر هەموو بنکەکانی سوپا و حەشدی شەعبی، هەندێک جاریش هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، جموجۆڵەکانی داعش کەم نەبووەتەوە".

سەبارەت بە دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق، گوتی: "تائێستا بە بیانووی پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، کارەکان وەستێنراون، کارەکانیان تەواو بووە، تەنها مووچە بۆ ئەو هێزە هاوبەشە دیار نەکراوە، هەرکاتێک مووچەکانیان رێکخرا دوو لیواکە پێکدەهێنرێت".

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، دەربارەی دۆخی شنگال ئاماژەی بەوەدا: "تا چەکدارانی پەکەکە و هێزە نایاسییەکانی دیکە لە شنگال نەچنە دەرەوە دۆخی ناوچەکە ئارام نابێت، بۆیە پێویستە حکومەتی عێراق ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆی کردووە جێبەجێی بکات، بۆ ئەوەی دۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە".