وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه: په‌كه‌كه و حزبوڵڵای لوبنان هاوكاری یه‌ك ده‌كه‌ن
په‌كه‌كه كورد بان شاره كوردستانییه‌كانیان راده‌ستی توركیا نه‌ده‌كرد
K24 – هه‌ولێر:
سه‌ربه‌ست له‌زگین، بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، ره‌خنه‌ی له سیاسه‌تی په‌كه‌كه گرت و رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌بان، سوپای توركیا نه‌ده‌هاته هه‌رێمی كوردستان و جه‌ختیشیكرده‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌وان كورد بان، سه‌رێكانی و عه‌فرین و گرێسپیان راده‌ست نه‌ده‌كرد و گوتیشی: ئه‌وان له‌گه‌ڵ حزبوڵڵای لوبنان و سووریا و گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی یه‌ك ئاراسته‌ن و هاوكاری یه‌ك ده‌كه‌ن.
له میانی به‌شداریكردنی له "ژووری هه‌واڵی كوردستان24" سه‌ربه‌ست له‌زگین، بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه رایگه‌یاند، په‌كه‌كه دژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌كار ده‌هێنرێت. په‌كه‌كه بووه‌ته هێزێك، كه به زۆر شێوه ده‌ستی ده‌ره‌كی تێدایه، ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه كورد بن، عه‌فرین و سه‌رێكانی و گرێ سپی راده‌ستی توركیایان كردن، ره‌نگه چه‌ندین شاری دیكه راده‌ستی توركیا بكه‌ن. ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه هه‌ستی كوردایه‌تی هه‌بێت پێویسته واز له هه‌رێمی كوردستان بهێنن.
گوتیشی: پێویسته په‌كه‌كه پێداچوونه‌وه به سیاسه‌تی خۆیدا بكاته‌وه و بیر له‌وه بكاته‌وه نه‌بێته به‌ڵا بۆ هه‌رێمی كوردستان.
هه‌روه‌ها گوتی: په‌كه‌كه نه‌بێت، توركیا چ پاساوێكی هه‌یه بۆ داگیركردنی هه‌رێمی كوردستان یان ناردنی هێز بۆ هه‌رێمی كوردستان، له سووریاش وایان كرد. ره‌وایه‌تی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه بۆ توركیا، ئه‌گه‌ر ره‌وایه‌تیشی نه‌بێت، بێده‌نگییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه بۆی كه ده‌ستوه‌ردان بكات، ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه كورد بن ره‌چاوی هه‌رێمی كوردستانیان ده‌كرد، به داخه‌وه هیچ شتێكیان ره‌چاو نه‌كردووه و ئه‌جێندای زۆر خه‌ڵك جێبه‌جێ ده‌كه‌ن. ئه‌وان له نێوان ئاغجه‌له‌ر و چه‌مچه‌ماڵ باره‌گایان داناوه و ده‌ستیان له‌گه‌ڵ ئه‌و گرووپانه تێكه‌ڵكردووه، كه مووشه‌ك ئاراسته‌ی هه‌ولێر ده‌كه‌ن و په‌كه‌كه‌ش به‌شداره له‌و ئاراسته‌یه‌دا.
سه‌ربه‌ست له‌زگین گوتیشی: په‌كه‌كه زۆر ده‌ستی تێدایه و كاریگه‌ری ده‌ره‌كی هه‌ریه‌ك به جۆرێك تێدایه. ره‌نگه هێزی ناو توركیاش كاریگه‌ریان له‌سه‌ریان هه‌بێت و ره‌نگه لای دیكه‌ش هه‌بن، بۆ نموونه ئێران و عێراق و لای دیكه‌ش هه‌بن كاریگه‌ریان له‌سه‌ر بكه‌ن و هێزێكه بووه‌ته دارده‌ستی زۆر لایه‌ن و به‌داخه‌وه ئه‌و هه‌موو كوڕ و كچه‌مان شه‌هید ده‌كرێن، له پێناو چی؟ په‌كه‌كه چی ده‌ستكه‌وتووه، به‌رامبه‌ر ئه‌و قوربانیانه په‌كه‌كه چی بۆ كوردان كردووه، له رووی سه‌ربازییه‌وه هیچ له ئاستیی توركیادا نین.
هه‌روه‌ها گوتی: په‌كه‌كه هیچ كاریگه‌ری له‌سه‌ر توركیا نییه و ته‌نیا هێزی توركیا ساڵ به ساڵ زیاتر ده‌هێننه ناو هه‌رێمی كوردستانه‌وه و ئه‌و سنوورانه‌ی چۆڵ بوونه به هۆی په‌كه‌كه‌وه، هه‌مووی كه‌وتنه ده‌ست توركیا. له زاخۆ و ئامێدی تا ده‌گاته حاجی ئۆمه‌ران و سیده‌كان ئه‌و ده‌ڤه‌رانه هه‌موو كه‌وتنه ده‌ست توركیا.
ئه‌وه‌شی گوت: په‌كه‌كه نه‌بێت، توركیا بۆ دێت و هه‌موو دنیا لێی بێده‌نگ بێت. زۆرجاران ئێمه به ره‌سمی و به به‌یانی ره‌سمی داوامان كردووه، په‌كه‌كه واز له شه‌ڕی چه‌كداری بهێنێت له خاكی هه‌رێمدا.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ئاشكرایكرد، هه‌ندێك گرووپی حه‌شد له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه هاوپه‌یمانن، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ سووریا و حزبوڵڵای لوبنان هه‌ن و یه‌ك ئاراسته‌ن و به‌یه‌كه‌وه هاوكاری یه‌كدی ده‌كه‌ن. رێیه‌ك بۆ ئه‌وان كراوه‌ته‌وه له سووریاوه بۆ شنگال و مووسڵ و كه‌ركووك و ئێران و ئه‌و رێگه‌یه‌ش به هاوكاری و پشتیوانی گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی به‌كارده‌هێنن.