ستۆڵتنبێرگ: پێویسته‌ وڵاتانی ئه‌وروپا خۆیان بۆ جه‌نگێكی درێژ ئاماده‌ بكه‌ن

ئەمه‌ریکا پاکێجێكی ھاوکاریی سەربازی بە بڕی 700 ملیۆن دۆلار بۆ ئۆکرانیا پەسەند کرد

دیمه‌نێكی جه‌نگ له‌ ئۆكرانیا / فۆتۆ: AFP
دیمه‌نێكی جه‌نگ له‌ ئۆكرانیا / فۆتۆ: AFP

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆکی ئەمه‌ریکا، پاکێجێكی ھاوکاریی سەربازی بە بڕی 700 ملیۆن دۆلاری بۆ ئۆکرانیا پێكهاتوو له‌ سیستمی مووشەکیی پێشکەوتوو پەسەند کرد و سكرتێری گشتی ناتۆش داوا له‌ وڵاتانی رۆژئاوا ده‌كات خۆیان بۆ جه‌نگێكی درێژ ئاماده‌ بكه‌ن.

ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێس له‌ زاری یێنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ بڵاویكرده‌وه‌، پێویسته‌ وڵاتانی رۆژئاوا خۆیان بۆ جه‌نگیكی دوور و درێژ و تاقه‌ت پڕوكێن ئاماده‌ بكه‌ن.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا  راگەیەندراوێکی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌ ئۆکرانیا ئازایانه‌ بەرەنگاری رووسیا دەبێتەوە و پاڵپشتییە سه‌ربازییه‌كانی واشنتن بۆ ئەو وڵاتە بەردەوام دەبن.

دیمه‌نێكی جه‌نگ له‌ ئۆكرانیا
دیمه‌نێكی جه‌نگ له‌ ئۆكرانیا

بایدن گوتی: "پاکێجێکی نوێی ھاوکاریی سەربازی لە کاتی خۆیدا بۆ سوپای ئۆکرانیا رادەگەیه‌نم".

سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، لە چوارچێوەی ئەو پاکێجه‌ کە کۆنگرێسی ئەمه‌ریکا پەسەندی کردووە بەردەوامی بە پاڵپشتییە سەربازییەکانیان بۆ ئۆکرانیا دەدەن. ده‌شڵێت: "ئەم پاکێجە نوێیە چەکی پێشکەوتوو لە خۆدەگرێت کە یارمەتی ئۆکرانیا دەدات لە بەرامبەر رووسیا بەرگریی لەخۆی بکات و سیستمی مووشەکیی HIMARS و  تۆپھاوێژی ئاستبەرزی تێدایە.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش روونكرایه‌وه‌، بایدن پاكێجه‌كه‌ی‌ بە بری 700 ملیۆن دۆلار بۆ ئۆكرانیا واژوو كردووه‌.

ئاسه‌واری بۆردوومانی رووسه‌كان
ئاسه‌واری بۆردوومانی رووسه‌كان

ھاوکارییە سه‌ربازییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا بریتین له‌ پێنج راداری دژە تۆپ، دوو راداری پشکنینی ئاسمانی، ھەزار مووشەکی دژە تانکی جۆری جاڤلین، شەش ھەزار چەکی کونکەری زرێپۆش و 15 ھەزار تۆپی 15 میلیمەتری.

جگە لەوە لە چوارچێوەی پاکێجەکەدا چوار ھێلیکۆپتەری جۆری (Mi-17) و 15 ئۆتۆمبێلی تانكیش بۆ ئۆکرانیا ره‌وانه‌ ده‌كرێت.