جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیا گه‌یشته هه‌رێمی كوردستان
K24 – هه‌ولێر:
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان24 له‌هه‌ولێر، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیا، له رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر گه‌یشته هه‌رێمی كوردستان.
په‌یامنێری كوردستان24 له ناو فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر رایگه‌یاند، مارینا سیرینی، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیا له‌لایه‌ن ئانۆ جه‌وهه‌ر، وه‌زیری گواستنه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لێكرا.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌م به‌رپرسه ئیتاڵییه ماوه‌ی دوو رۆژه له به‌غدایه و ئه‌مڕۆ بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی راوێژكارانی سه‌ربازی ئیتاڵیا له عێراق و هه‌رێمی كوردستان گه‌یشته هه‌ولێری پایته‌خت.
په‌یامنێری كوردستان24 له هه‌ولێر ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و رۆما له چوارچێوه‌ی ئه‌م سه‌ردانه تاوتوێ ده‌كرێت، جیا له‌وه‌ش جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیا سه‌ردانی ئه‌م ناوچانه ده‌كات كه به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه خاپوور كراون، تاوه‌كو ئاوه‌دان بكرێنه‌وه.