"بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنه‌وه‌ بۆ هاووڵاتیان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی حكومه‌ته‌وه‌ راسپێردراوین"

"کەمتەرخەمى لەهیچ بەڕێوەبەر و کەس و لایەک قبوڵناکەین، بەتایبەتى لە پرسى دابینکردنى ئاوى پاک بۆ ماڵان"

ئاوی خواردنەوە
ئاوی خواردنەوە

K24-هه‌ولێر:

پارێزگای هه‌ولێر ئاشكرای ده‌كات، لەلایەن سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە راسپێردراون بۆئەوەى ئەوەى لەتوانادابێت و لەخزمەتى هاووڵاتیاندا دابن.

پارێزگای هه‌ولێر راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تییدا هاتووه‌،  به‌سه‌رپه‌رشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەم ئاوی و رووبەڕووبوونەوەی گرفتەکانى وشکەساڵی کۆبوونەوەیەک به‌ڕێوه‌چوو.

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی پارێزگای هه‌ولێر هاتووه‌، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌، "کەمتەرخەمى لەهیچ بەڕێوەبەر، کەس و لایەک قبوڵ ناکەین، بەتایبەتى لە پرسى دابینکردنى ئاوى پاک بۆ ماڵان".

هه‌روه‌ها پارێزگای هه‌ولێر له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، لەلایەن مه‌سرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە راسپێردراون ئەوەى لەتوانادابێت و بەزیادیشەوە لەخزمەتى هاووڵاتیان دابن.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، بەهیچ شێوەیەک لە جێبەجیکردنى ئەرک و بەرپرسیاریەتیەکان کەمتەرخەمى لە هیچ بەڕێوەبەر، کەس و لایەک قبوڵ ناكرێت، بەتایبەتى لە پرسى دابینکردنى ئاوى پاک بۆ ماڵان، هەرکەس کەمتەرخەم بێت ئەوا بەدڵنیاییەوە ئیجرائاتى لەگەڵدا دەکرێت.

لایه‌نێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی پارێزگای هه‌ولێر
لایه‌نێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی پارێزگای هه‌ولێر