سەرۆک بارزانی: هاووڵاتیانی عێراق شایانی ئەوەن دەوڵەتێكی دامەزراوەیی و سەقامگیرییان هەبێت
"لە دوای 2003 دەرفەت هەبوو عێراق بكەوێتە سەر ڕێگەیەكی دروست بەڵام سوود لەو دەرفەتە وەرنەگیرا"

K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ دووشەممە 6ـی حوزەیرانی 2022، سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ ڕادۆ دۆبرێ باڵیۆزی نوێی ڕۆمانیا لە عێراق کۆبووەوە.
سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازی لە ڕادۆ دۆبرێ، باڵیۆزی نوێی ڕۆمانیا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ئاستەنگ و كێشەكانی بەردەم پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا، هاوکات پەیوەست بە بارودۆخی عێراق سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە هاووڵاتیانی عێراق شایانی ئەوەن دەوڵەتێكی دامەزراوەیی و خەدەمات و سەقامگیرییان هەبێت، هەروەها لە دوای 2003 ئەو دەرفەتە هەبوو عێراق بكەوێتە سەر ڕێگەیەكی دروست، بەڵام سوود لەو دەرفەتە وەرنەگیرا.
هەر لەو دیدارەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ڕۆمانیا تاوتوێ كرا باڵیۆزی ڕۆمانیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و كاری هاوبەش و هەماهەنگیی لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاكان دەربڕی.
لە بەشێكی دیکەی ئەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی لە باڵیۆزی نوێی ڕۆمانیا كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەرك و كاری تازەیدا.
