بلینکن: بەڵگەکانی دزینی گەنمی ئۆکرانیا لە لایەن رووسیاوە باوەڕپێکراوە
"سەرەڕای ئەوەی مۆسکۆ گەمارۆی دەریایی لە دەریای رەش خستووەتە سەر ئۆکرانیا، بەڵام بۆ خۆی بەردەوامە لە هەناردەکردنی گەنم"
K24 - ههولێر:
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا رایگەیاند، ئەو بەڵگانەی باس لە دزینی گەنمی ئۆکرانیا دەکات، باوەڕپێکراون و مۆسکۆ ئامانجییەتی قازانجیان لێ بکات.
وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا لە دوایین کۆبوونەوەی لەبارەی لێکەوتەکانی جەنگی ئۆکرانیا لەسەر قەیرانی کەرتی گەنم ئاشكرای كرد، بۆ ئەوەی سزاکان لەسەر رووسیا هەڵگیرێن، سەرۆکی رووسیا سیاسەتی هەراسانکردن پەیڕەو دەکات.
بلینکن جەختی کردەوە، سەرەڕای ئەوەی مۆسکۆ گەمارۆی دەریایی لە دەریای رەش خستووەتە سەر ئۆکرانیا، بەڵام بۆ خۆی بەردەوامە لە هەناردەکردنی گەنم.
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشکرای کرد، لە ناوەڕاستی مانگی ئایار واشنتن هۆشداری بە 14 دەوڵەت داوە و زۆرینەی وڵاتی ئەفریقان، کە ئەو گەنمەی لە رووسیا دەیکڕن، گەنمی دزراوی ئۆکرانیایە.
هەروەها باڵیۆزی ئۆکرانیا لە ئەنقەرە رایگەیاند، رووسیا گەنمی وڵاتەکەی دزیوە و هەناردەی دەکات تەنانەت بۆ تورکیاش.
لە هەمان کاتدا، ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، 20 بۆ 25 ملیۆن تۆن دانەوێڵەی وڵاتەکەی بەهۆی جەنگەوە گیریانخواردووە، ئەو بڕەش لە وەرزی پاییزدا سێ هێندە زیاددەکات.