گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی گرنگی كوردستان24 ده‌داته‌وه
ئه‌حمه‌د سه‌حاف: په‌كه‌كه بووه‌ته ئاسته‌نگێكی واقعی له شنگال

K24- هه‌ولێر:
ئه‌حمه‌د سه‌حاف، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و وڵاتانی ده‌ره‌وه، به تایبه‌ت وڵاتانی دراوسێ گوتی: وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌چوارچێوه‌ی ستراتیژیه‌تی خۆیدا له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش هاوپه‌یمانێتیی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك وڵات هه‌یه و له‌پێشینه‌ی ئه‌مه‌ش بۆ وڵاتانی دراوسێكانمانه و خۆی له هه‌ماهه‌نگیكردن له بواره‌كانی ئه‌منی، ئابووری و دۆسییه‌كانی دیكه‌دا ده‌بینێته‌وه.
هه‌روه‌ها گوتی: دیپلۆماسیه‌تی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای كه‌مكردنه‌وه‌ی نیگه‌رانییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و هه‌رێمایه‌تی داڕێژراوه و هه‌وڵدانه بۆ سوودوه‌رگرتن له لایه‌نه‌كان و هه‌موو ئه‌و جووڵه‌یه‌ش له‌پێناو ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی عێراق و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی رۆڵه‌كه‌یه‌تی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی.
سه‌حاف كه میوانی كوردستان24 بوو، گوتیشی: هه‌میشه عێراق په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ هه‌بووه، هه‌رچه‌ند هه‌میشه كێشه و گرفت هه‌ن، به‌ڵام هه‌نگاوه‌كانمان به ئاراسته‌ی گفتوگۆ و په‌یوه‌ندی به‌رده‌وام ده‌نێین به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری بۆ ئه‌و كێشانه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، عێراق خاوه‌ن توانایه‌كی سه‌ربازی و مرۆیی گه‌وره‌یه و ده‌توانین له رێگه‌یانه‌وه پارێزگاری له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی عێراق بكه‌ین.
له وه‌ڵامی پرسیارێكیش له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی عێراق له‌سه‌ر ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئێران و توركیا له كاروباری ناوخۆی وڵات، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق جه‌ختیكرده‌وه: سه‌روه‌ری عێراق پره‌نسیپێكی جێگیره و هه‌ڵوێسته‌كه‌شمان له‌و باره‌یه‌وه یه‌كانگیره، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه به‌وه جیاده‌كرێته‌وه كه هه‌ڵوێستێكی جێگیر و چه‌سپاوی له‌باره‌ی ئه‌و جۆره پرسانه هه‌یه و هه‌ر پێشێلكارییه‌ك بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری عێراق له هه‌ر لایه‌نێكه‌وه بێت، به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه.
گوتیشی: ئێمه پێمانوایه كه ده‌بێت ئه‌و كێشانه‌ی له نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێ هه‌یه، له‌سه‌ر بنه‌مای یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و له‌ڕێگه‌ی دیالۆگ و گفتوگۆوه چاره‌سه‌ر بكرێن، چونكه وێڕای بوونی ئه‌و كێشانه، له هه‌مان كاتدا په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز و هاوسه‌نگشمان له بواره جیاوازه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌یه.
له‌باره‌ی له‌شكركێشییه‌كه‌ی توركیاش به قووڵایی چه‌ندین كیلۆمه‌تر بۆ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان و بوونی بنكه و باره‌گاكانی له ناوچه سنوورییه‌كان و بۆردومانكردنی ئه‌و ناوچانه، هه‌روه‌ها تۆپبارانه‌كانی ئێران بۆ ناوچه سنوورییه‌كان له رۆژهه‌ڵاته‌وه و ئه‌و مووشه‌كبارانه‌ی كه هه‌ولێری پایته‌ختی كوردستانی پێ كرایه ئامانج، كه هه‌ڵوێستی عێراق به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ئێران و توركیا سنووری ده‌ركردنی به‌یاننامه‌ی تێپه‌ڕنه‌كردووه‌و نه‌پڕژاوه‌ته سه‌ر هه‌ڵوێستێكی كرده‌یی، ئه‌حمه‌د سه‌حاف ئاماژه‌ی به‌وه دا، هه‌ڵوێستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه و حكومه‌تی فیدراڵ روون و ئاشكرا بوون له‌و باره‌یه‌وه و ئێمه باوه‌ڕمان وایه، كه پابه‌ندبوون به یاسا و رێسا دیپلۆماسییه‌كان رێچكه‌ی دروسته بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و بابه‌تانه و تا ئێستاش كاری له‌سه‌ر كراوه و ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی به‌رامبه‌ر سه‌روه‌ری عێراق كراون، جا چ له‌لایه‌ن ئێران یان توركیاوه بێت، هه‌میشه جێگه‌ی ئیدانه‌كردنی توندی ئێمه بووه و په‌یامی فه‌رمیمان ئاراسته‌یان كردووه، باڵیۆزه‌كانیشمان بانگكردوون و له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و له‌گه‌ڵ كۆمكاری عه‌ره‌بیش ئه‌و بابه‌تانه‌مان جووڵاندووه و له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی و كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش كارمان له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه كردووه.
له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش: (ئایا وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی توركیا و ئێران به ته‌نها ده‌ركردنی به‌یاننامه به‌سه، یانیش ده‌بێت هه‌ڵوێستێكی كرده‌یی نیشان بدرێت؟)، ئه‌حمه‌د سه‌حاف گوتی: من نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی به‌رگری نیم بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی ئاسایشییانه وه‌ڵام بده‌مه‌وه، به‌ڵكو نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌م و جه‌خت له رێگه دیپلۆماسییه‌كان ده‌كه‌مه‌وه، چونكه ئێمه له‌ڕووی جوگرافییه‌وه دراوسێی یه‌كین و به‌رژه‌وه‌ندی دیپلۆماسی و ئابوورییه هاوبه‌شه‌كان ئێمه‌ی كۆكردووه‌ته‌وه و ده‌بێت له رێگه‌ی گفتوگۆ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن.
هه‌ر له درێژه‌ی گوته‌كانیدا له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵیش، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق دووپاتیكرده‌وه، په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له ئاستێكی به‌رزدایه، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ئاستی ئه‌منی، كه هه‌ماهه‌نگییه‌كی به‌هێز له نێوان وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسه ئه‌منییه‌كان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و كێشه ئه‌منییه‌كانی ناوچه‌ی شنگال.
هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه، په‌كه‌كه كه كێشه‌یه‌كی توركیایه و هه‌نارده‌ی عێراق كراوه، بووه‌ته ئاسته‌نگێكی واقیعی له شنگال و رایگه‌یاند: ئێمه هه‌میشه پێشێلكردنی خاكی عێراقمان له لایه‌ن توركیاوه سه‌ركۆنه كردووه و ناكرێت سوكایه‌تی به نیازپاكی دراوسێیه‌تی بكرێت.