بەحرەین سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی ئێران دەکات
وەزارەتی دەرەوەی شانشینی بەحرەین بە توندی سەرکۆنەی بەردەوامیی هێرشە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانی بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی کرد و جەختی کردەوە کە ئاسایشی وڵاتەکەیان هێڵی سوورە و مافی بەرگری لەخۆکردنی تاکەکەسی و بەکۆمەڵیان بە گوێرەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی کەنداو پارێزراوە.
وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان توانیویانە هێرشێکی درۆنیی ئێران لە ئاسمانی بەحرەیندا تێکبشکێنن، ئەوەش تەنیا دوو رۆژ دوای هێرشێکی هاوشێوەی بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 13ـی تشرینی دووەم کە تێیدا دوو درۆنی دیکەی ئێران خرانە خوارەوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد کە سوپای پاسدارانی ئێران بە روونی بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشانە راگەیاندووە، هاوکات ستایشی وریایی و ئامادەباشیی تەواوی هێزی بەرگریی بەحرەینی کرد بۆ تێکشکاندنی هەر دەستدرێژییەک.
مەنامە ئەو هێرشانەی بە دەستپێکردنەوەی پەلامارەکانی تاران بۆ سەر بەحرەین و وڵاتانی ناوچەکە، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی خاک، و پێشێلکردنی زەقی بڕیاری ژمارە 2817ـی ئەنجوومەنی ئاسایش ناوبرد، کە بووەتە هۆی دروستکردنی مەترسیی راستەقینە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان و تێکدانی هەوڵەکانی هێورکردنەوەی ناوچەکە.
وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین بە تەواوی سەرجەم پاساو و بانگەشە ناڕاستەکانی سوپای پاسدارانی رەت کردەوە و جەختی کردەوە کە هیچ بیانوویەک رەوایەتی بە پێشێلکردنی سەروەریی دەوڵەتان نادات؛ روونیشی کردەوە کە ئازادیی کەشتیوانی و گواستنەوەی دەریایی و ئاسمانی لە گەرووە نێودەوڵەتییەکاندا مافێکی پارێزراوە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و ملکەچی ویست و مەرجی هیچ وڵاتێک نابێت. هەروەها رەتی کردەوە کە خاکی بەحرەین بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان و تەواوی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەی هێرشەکانی خستە ئەستۆی ئێران.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، بەحرەین دووپاتی کردەوە کە بەپێی ماددەی 51ـی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان مافی رەوای بەرگری لەخۆکردنی هەیە و سەرجەم رێکارە پێویستەکان دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایشی دانیشتووانەکەی، بە هەماهەنگییەکی نزیک لەگەڵ وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو لەسەر بنەمای رێککەوتننامەی بەرگریی هاوبەش کە هەر هێرشێک بۆ سەر دەوڵەتێکی ئەندام بە هێرش بۆ سەر هەمووان دادەنێت، لەپاڵ هاوبەش و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی.
بەحرەین وەک ئەندامێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ئەنجوومەنەکە کرد کە ئەم هێرشە دووبارەبووانە سەرکۆنە بکات و رێکاری توند بگرێتەبەر بۆ ناچارکردنی ئێران بە پابەندبوونی تەواو بە بڕیاری 2817 و راگرتنی هێرش و هەڕەشەکان و پشتیوانیکردنی گرووپە چەکدارە بریکارەکانی لە ناوچەکەدا، جەختیشی کردەوە کە سەروەریی بەحرەین بابەتی سازش و مامەڵە نییە و پەیڕەوی لە سیاسەتی دراوسێیەتیی باش و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان دەکەن.