تاران کارگەیەکی ناوخۆیی بۆ وزەی ئەتۆم کارادەکات

سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، زانایانی وڵاتەکە توانیویانە یەکەم کارگەی ناوخۆیی بۆ توانەوەی ناوکی پەرەپێبدەن و جەختیکردەوە، بەم نزیکانە دەچێتە قۆناخی کارکردنەوە.

یەکشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2026، محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران، بە تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێرانی راگەیاند: "یەکەم دامەزراوەی توانەوەی ئەتۆم لە ئێران، دیزاین کراوە بۆ بەکارهێنان لە کەرتی بەرهەمهێنانی جۆراوجۆردا، بەتایبەت بەرهەمهێنانی کارەبا و پزیشکی، بەم نزیکانە دەکەوێتە کار."

بەڵام سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران، جۆری ئەو دامەزراوەیەی روونی نەکردەوە ئامادە دەکرێت بۆ کارکردن، هەروەها هیچ وردەکارییەکی تەکنیکی، توانای بەرهەمهێنان، یان وادەیەکی دیاریکراوی بۆ دەستپێکردنی کارکردنەکە ئاشکرا نەکرد.

 ئەو راگەیاندنە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی تاران دێت بۆ پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای توانەوەی ئەتۆم بە پشتبەستن بە تواناکانی ناوخۆ و فراوانکردنی بەکارهێنانەکانی لە کەرتەکانی پیشەسازی، پزیشکی و وزەدا.

9ـی ئەم مانگە، لە کاتی بەڕێوەچوونی پێشانگای دەستکەوتە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکان لە باشووری تاران، محەمەد ئیسلامی جەختی لە گرنگیی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وڵات، بەتایبەت لە بوارەکانی کشتوکاڵ، ئاو و چاودێریی تەندروستی.

سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران روونیکردەوە، رێکخراوەکە کار دەکات بۆ فراوانکردنی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا ئەتۆمییەکان بەمەبەستی باشترکردنی کوالێتیی ئاو و خاک و زیادکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی، لەگەڵ دابینکردنی ئامێر و ئەپڵیکەیشنە پێویستەکان بۆ کەرتی تەندروستی.

تەکنەلۆژیای توانەوەی ئەتۆم پشت دەبەستێت بە یەکخستنی ناوکە ئەتۆمییە سووکەکان بۆ دەردانی وزە، ئەم پرۆسەیە جیاوازە لە پرۆسەی دابەشکردنی ناوکە ئەتۆمییەکان لە وێستگەکانی کارەبادا بەکاردەهێنرێت.