کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە پەلامارەکەی سەر هەولێر

"نابێت لە عێراقدا جێگە بۆ ئه‌وانه‌ هەبێت کە ئاژاوه‌ و توندوتیژی پەرە پێدەدەن"

K24 - هەولێر:

شەوی رابردوو 8ـی حوزەیرانی 2022، بە درۆنی بۆمبرێژکراو هێرش کرایە سەر رێگەی سەرەکی هەولێر – پیرمام و لە ئاکامدا سێ هاوڵاتی بریندار بوون، دواتر بەشێک لە دیپلۆماتکاران و نێردەی وڵاتان هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بە هێرشەکە راگەیاند.

دەیڤد هەنت، کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر ئیدانەی هێرشەکەی کرد و گوتی: "کردەوەیەکی دیکەی بێمانای توندوتیژی بوو. شانشینی یەکگرتوو شانبەشانی هەرێمی کوردستان لەدژی ئەو دەستدرێژیە دەوەستێتەوە."

یۆنامی، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە تویتێکدا رایگەیاند، "پەلامارەکە کردەوەیەکی دیکەی بێباکانەیە. پێشتریش وتمان، عێراق پێویستی بە هێزی چەکداری خۆسەپێن نییە، گرنگە دەسەڵاتی دەوڵەت بچەسپێت. گەر ئەنجامدەران ناسراون، بانگیان بکەن و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکەن."

هەژماری فەرمی هێزەکانی هاوپەیمانان لە تویتێکدا نووسیویەتی: "هێرشەکەی شەوی رابردوو کە کرابوویە سەر شەقامێکی قەرەباڵغی هەولێر هاووڵاتی مەدەنی بریندار کرد و ژیانی دەیانی دیکەشی خستە مەترسییەوە، نموونەیەکی دیکەی گوێنەدانی خراپەکارانە بەرامبەر گەلی عێراق و سەروەری وڵاتەکە.

لەلایەکی دیکەوە، مارک برایسۆن-ریچاردسۆن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە تویتێکدا سەبارەت بە هێرشەکەی سەر هەولێر رایگەیاند، "ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی هەولێر دەکەم، هێرشێکی دیکەی قبوڵنەکراوە کە وادەردەکەوێت خەڵکی مەدەنی کردووەتە ئامانج. نابێت لە عێراقدا جێگە بۆ ئه‌وانه‌ هەبێت کە ئاژاوه‌ و توندوتیژی پەرە پێدەدەن".

تویتی مارک برایسۆن سەبارەت بە هێرشەکەی شەوی رابردوو
تویتی مارک برایسۆن سەبارەت بە هێرشەکەی شەوی رابردوو