به‌لاغی كۆتایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم: لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر زه‌روره‌تی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن كۆكبوون

"بڕیاردرا سكرتاریه‌تێك پێكبهێنرێت تا رێككه‌وتی 1ی ته‌مووزی 2022 راپۆرتێك ئاماده‌ بكات"
كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان
كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێنین هێنس پلاسخارت، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كۆبوونه‌وه‌.

له‌ چوارچێوه‌ی به‌لاغی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌، لایه‌نه‌ سیاییه‌كان و دووپاتیان كرده‌وه‌  پاڵپشتیی هه‌نگاوه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌بن.

ده‌قی به‌لاغه‌كه‌:

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 9/6/2022 به‌ سه‌رپه‌رشتیی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و ئاماده‌بوونی خاتوو جینین پلاسخارت نوێنه‌ری تایبه‌تیی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و تیمی پسپۆڕی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌ر به‌ یونامی، له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.

كۆبوونه‌وه‌ تایبه‌ت بوو به‌ بابه‌تی ئاماده‌كاریی بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان و هه‌وڵدان بۆ له‌یه‌ك نزیككردنه‌وه‌ی بیروبۆچوونی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردن و كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ڕاپرسی و چه‌ندین بابه‌تی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌‌.

كۆبوونه‌وه‌ به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشه‌ تیرۆریستییه‌ی‌ كرد كه‌ شه‌وی چوارشه‌ممه‌ 8/6/2022 به‌ درۆنێكی بۆمبڕێژكراو كرایه‌ سه‌ر هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان و زیانی گیانی و ماددی هاووڵاتیانی سڤیلی لێكه‌وته‌وه و ئه‌مه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جدديی‌ بۆ سه‌ر ئاسايش و سه‌قامگیریی عێراق لێكدرایه‌وه‌‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ داوا له‌ حكوومه‌تی فیدڕاڵی عێراق كرا كه‌ پێویسته‌ كۆتایی به‌م ده‌ستدرێژییانه‌ بهێنرێت و به‌ هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌وڵی جددی بۆ رێگریكردن له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ هێرشانه‌ بدات.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی هه‌وڵه‌كانی نوێنه‌ری تایبه‌تیی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق و په‌رۆشییان بۆ دۆخی هه‌رێمی كوردستان و پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كان كرد، هه‌روه‌ها سوپاسی ئاماده‌بوونی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنیان بۆ داوه‌تنامه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم كرد.

دوای گفتوگۆ و راگۆڕینه‌وه‌، سه‌رجه‌م ئاماده‌بووان كۆك بوون له‌سه‌ر زه‌رووره‌تی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ركه‌وتووانه‌ به ‌جۆرێك كه‌ به‌رژوه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان و بره‌ودان به‌ پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌ سه‌رووی هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان بێت و سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم به‌رده‌وام ‌بێت له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفتانه‌ی له‌به‌رده‌م یاسای هه‌ڵبژاردندا ماون.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كۆبوونه‌وه‌ بڕیاریدا سكرتاریه‌تێك پێكبهێنرێت له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ تیمی یۆنامی بۆ به‌دواداچوون و به‌رده‌وامیی هه‌وڵه‌كان له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌‌كان و‌ تا رێككه‌وتی 1ی ته‌مووزی 2022 راپۆرتێك له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاماده‌ بكات.

سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان هه‌وڵه‌كانی به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمیان به‌رز نرخاند به‌مه‌به‌ستی له‌یه‌ك نزیكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاییه‌كان و دووپاتیانكرده‌وه‌ كه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ پاڵپشتیی هه‌نگاوه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌بن‌، هه‌روه‌ها سوپاسی هه‌وڵ و كۆششه‌كانی نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیان كرد.