هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر: ده‌ست به دابه‌شكردنی به‌نزینی 800 دیناری ده‌كرێت
K24 – هه‌ولێر:
دوای ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر راسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، زیاتر له ملیۆنێك لیتر به‌نزین ره‌وانه‌ی سلێمانی و ئیداره‌كانی و پارێزگای هه‌ڵه‌بجه كرا، بڕیاره سبه‌ی ده‌ست به دابه‌شكردنی به‌نزینی 800 دیناری بكرێت.
له لێدوانێكی تایبه‌تیدا بۆ كوردستان24 هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی، رایگه‌یاند، له سبه‌یه‌وه، 33 به‌نزینخانه‌ی سلێمانی به رووی شوفێراندا ده‌كرێنه‌وه.
گوتیشی: ئه‌و به‌نزینه‌ی دابه‌ش ده‌كرێت، نرخی جێگر كراوه و به 800 دینار ده‌درێته شوفێران.
هه‌رزانبوونی نرخی به‌نزین دوای ئه‌وه دێت، له كۆبوونه‌وه‌ی دوێنیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان و وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كانی راسپارد به زووترین كات رێكاری پێویست بۆ هه‌رزانبوونی به‌نزین بگرنه‌به‌ر.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، شه‌وی رابردوو دوو ملیۆن لیتر به‌نزین بۆ هه‌ولێر و یه‌ك ملیۆن لیتر بۆ دهۆك ته‌رخان كرا و ئه‌مڕۆش زیاتر له ملیۆنێك لیتر به‌نزین بۆ سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و ئیداره‌كانی راپه‌ڕین و گه‌رمیان ته‌رخان كرا.