به‌داخه‌وه یه‌كڕیز نین
هێمن هه‌ورامی

K24 – هه‌ولێر:
هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ كابینه‌ی نۆیه‌م، هه‌ماهه‌نگییه‌كی پته‌ومان هه‌یه و ته‌نیا له خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستاندا په‌رله‌مانتاران 4 هه‌زار و 313 پرسیاریان هه‌بووه و له لایه‌ن حكومه‌ته‌وه 3 هه‌زار و 862 وه‌ڵام بۆ په‌رله‌مانی كوردستان گه‌ڕاوه‌ته‌وه و ئه‌وانی دیكه‌ش له پرۆسه‌ی ناردنهوهن. له رووی ئامادهبوونیشهوه، 96 جار وه‌زیران و به‌رپرسانی باڵای كابینه‌ی نۆیه‌م له دانیشتنه‌كانی په‌رله‌ماندا به‌شدار بوون و 296 جاریش وه‌زیران و به‌رپرسانی باڵای حكومه‌ت له كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه تایبه‌تمه‌نده‌كانی په‌رله‌ماندا به‌شدار بوون.
روونیشیكرده‌وه، پارتی له‌گه‌ڵ یه‌ك بازنه‌ییه بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و تا ئێستا له باره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن و كۆمیسیۆنه‌وه لایه‌نه‌كان نه‌گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن و ناكۆكییه‌كان رێگرن له‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له واده‌ی خۆیدا به‌ڕێوه‌بچێت.
ده‌قی گفتوگۆی ژینۆ محه‌ممه‌د، بێژه‌ری كوردستان24 له‌گه‌ڵ هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان:
پرسیار: خوێندنه‌وه‌تان بۆ هه‌ماهه‌نگی كابینه‌ی نۆیه‌م له‌گه‌ڵ په‌رله‌ماندا چییه؟
هێمن هه‌ورامی: ئێمه له خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ كابینه‌ی نۆیه‌م، وه‌كو دوو بنه‌مای سه‌ره‌كی له پێكه‌وه‌كاركردنی نێوان دوو دامه‌زراوه‌ی یاسادانان و جێبه‌جێكردن له سه‌ر بنه‌مای هه‌ماهه‌نگی و یه‌كترته‌واوكردن و چاودێری كاره‌كانی حكومه‌ت په‌یوه‌ندییه‌كان به پێی یاسا به‌ركاره‌كان داڕێژراونه‌ته‌وه.
به شانازییه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كانی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان و كابینه‌ی نۆیه‌م، په‌یوه‌ندییه‌كی یه‌كجار باش بووه و به سووپاسه‌وه ده‌توانم بڵێم كابینه‌ی نۆیه‌م له ئاستێكی باڵای په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی بووه له‌گه‌ڵ په‌رله‌ماندا. به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه، ئه‌وه‌یه، په‌رله‌مانی كوردستان له ئه‌ركه چاودێرییه‌كه‌ی، كه بریتییه له بانگهێشتی وه‌زیر و به‌رپرسانی باڵای حكومه‌ت بۆ كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌كان و دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان، له ناردنی پرسیار و راپۆرته‌كان، له‌و دانیشتنانه‌ی بۆ گفتوگۆ كردن به گوێره‌ی مادده‌ی 66 له په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان كراوه، له سه‌ردانه مه‌یدانییه‌كانی لیژنه لاوه‌كی و تایبه‌تمه‌نده‌كانی په‌رله‌مان بۆ دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت و ئاماده‌یی سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زیره‌كان بۆ به‌ده‌مه‌وه‌هاتنی پرسیار و به‌دواداچوونه‌كانی په‌رله‌مان له ئاستێكی باڵادایه.
به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه، ئه‌وه‌یه، یه‌كه‌مجاره له مێژووی په‌رله‌مانی كوردستاندا، له خولێكدا، تا دانیشتنی ژماره 8ی رۆژی (23ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2022)، كه وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه نزیكه‌ی 6 كاتژمێر له په‌رله‌ماندا، 74 په‌رله‌مانتار نزیكه‌ی 350 پرسیاریان كردووه. هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌ی به نووسراو و زاره‌كی ئاراسته‌ی حكومه‌ت كراون، ژماره‌یان گه‌یشتووه‌ته 4 هه‌زار و 313 پرسیار بووه. 3 هه‌زار و 862 وه‌ڵام بۆ په‌رله‌مانی كوردستان گه‌ڕاوه‌ته‌وه و ئه‌وانی دیكه‌ش له پرۆسه‌ی ناردنهوهن. له رووی ئامادهبوونیشهوه، 96 جار وه‌زیران و به‌رپرسانی باڵای كابینه‌ی نۆیه‌م له دانیشتنه‌كانی په‌رله‌ماندا به‌شدار بوون و 296 جاریش وه‌زیران و به‌رپرسانی باڵای حكومه‌ت له كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه تایبه‌تمه‌نده‌كانی په‌رله‌ماندا به‌شدار بوون.
له بابه‌تی یاسادانانیش، له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا، له‌سه‌ر بنه‌مای رێككه‌وتنی سیاسیی سێقۆڵیی كه كابینه‌ی نۆیه‌می پێ پێكهاتووه، ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ ئه‌وه بوو، كارنامه‌ی كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له رووی دانانی یاسا و هه‌مواری ئه‌و یاسایانه‌ی هه‌مواریان پێویسته ده‌ربكرێت.
له خولی پێنجه‌می په‌رله‌ماندا، 42 یاسا و بڕیار ده‌رچووه، 25 پڕۆژه یاسا و بڕیار له حكومه‌ته‌وه هاتووه و 20یان پهسندكراون و 5 یشیان له پرۆسه‌ی تهشریعكردندان. هه‌ماهه‌نگی نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌ت له خزمه‌تی پرۆسه‌ی دیموكراسی و به‌هێزكردنی بنه‌ماكانی حوكمڕانییه.
پرسیار:ئایا هه‌ڵبژاردن له واده‌ی خۆیدا به‌ڕێوه ده‌چێت؟
هێمن هه‌ورامی: بابه‌تێكی هه‌ڵبژاردن پرسێكی یاسایی و سیاسی هه‌یه. ئێمه له په‌رله‌مان زیاتر په‌یوه‌ستین به لایه‌نه یاساییه‌كه. بۆ لایه‌نه سیاسییه‌كه‌ی له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان لایه‌نه سیاسییه‌كان پێیه‌وه په‌یوه‌ستن. ئه‌ركی ئه‌ستۆی په‌رله‌مان جێبه‌جێ كراوه. ئێمه له 3ی نۆڤه‌مبه‌ری پاره‌وه، تا ئێستاش هه‌وڵی جددیمان داوه بۆ ئه‌وه‌ی بۆچوونی جیاواز له سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردن و كۆمیسیۆن له‌یه‌ك نزیك بكه‌ینه‌وه.
فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان به بێ هێزه سیاسییه‌كانیان له ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان ناتوانن بڕیاری یه‌كلا كه‌ره‌وه بده‌ن. له رووه سیاسییه‌كه‌وه، ئێمه له په‌رله‌ماندا چاوه‌ڕێی رێككه‌وتنی سیاسیی لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین. ئێستا زنجیره‌یه‌ك گفتوگۆ به نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له ئارادایه، ئه‌گه‌ر له رووه سیاسییه‌كه‌وه رێككه‌وتن بكرێت، بۆ لایه‌نه یاساییه‌كه‌ی له په‌رله‌مان كاره‌كان زۆر ئاسان ده‌بێت.
وتوشمانه، نه‌نگییه بۆ هه‌رێمی كوردستان نه‌توانێت هه‌ڵبژاردن له كاتی خۆیدا بكات، به‌ڵام ئه‌م نه‌نگییه هه‌موو لایه‌نه‌كانی ناو پرۆسه‌یی سیاسی ده‌گرێته‌وه. هه‌موویان به‌رپرسیارن. له په‌رله‌ماندا بۆ لایه‌نه یاساییه‌كه‌ی ئاماده‌ین، هه‌ر كاتێك لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ناكۆكییه سیاسییه‌كان رێككه‌وتن، ئێمه له واده‌یه‌كی كه‌مدا ده‌توانین پێداویستییه یاساییه‌كانی بۆ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین.
پرسیار: هیچ به‌رچاوڕوونییه‌ك هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان بگه‌نه رێككه‌وتن و هه‌ڵبژاردن بكرێت؟
هێمن هه‌ورامی: بۆ ئه‌وه‌ی راستگۆ بین، تا ئه‌م چركه ساته، به گوێره‌ی به‌دواداچوونه‌كان، كه خۆمیش ئه‌ندامی شاندێكی دانووستانكار بووم، تا ئێستا راسته گه‌یشتووینه‌ته خاڵی هاوبه‌ش، بۆ نموونه: تۆماری بایۆمه‌تری ده‌نگده‌رانی دوا هه‌ڵبژاردنی عێراق بكرێته بنه‌ما، ئه‌مه خاڵێكی زۆر ئه‌رێنییه له پێشكه‌وتنه‌كان، به‌ڵام تا ئێستا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن به چه‌ند بازنه بێت، هێشتا هیچ رێككه‌وتنێك نه‌كراوه، گفتوگۆكان به‌رده‌وامن، پێ ناچێت له داهاتووییه‌كی نزیكدا رێككه‌وتنێكی كۆنكرێتی بكرێت، ده‌بێت بێ ئومێدیش نه‌بین و جێگره‌وه‌ی گفتوگۆمان نییه.
پرسیار: بڕیار بوو فراكسیۆنه‌كان پێشنیازی خۆیان بهێننه په‌رله‌مان، ئایا هێنایان؟
هێمن هه‌ورامی: ئێمه له 3ی نۆڤه‌مبه‌ری 2021 داوامان كردووه، فراكسیۆنه‌كان پێشنیازی خۆیان بهێنن. پار له 21ی ئازاری 2021 ته‌نیا فراكسیۆنی گۆڕان، پڕۆژه پێشنیازی هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنیان پێشكه‌ش كردبوو. ئه‌مساڵیش رۆژی 28ی ئازاری 2022 كه ته‌نیا دوو رۆژ مابوو بۆ كۆتایی واده‌ی پێشكه‌ش كردنه‌كه، چه‌ند فراكسیۆنێكی دیكه‌ش پڕۆژه‌یان پێشكه‌ش كردبوو، به‌ڵام خۆتان ده‌زانن، ئێمه له سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان پابه‌ندین به كۆمه‌ڵێك بنه‌مای رێككه‌وتنی سیاسی و زه‌مینه سازی سیاسیی، بۆیه نامانه‌وێت ببینه به‌شێك له كێشه‌كان و هۆی قوڵتركردنه‌وه‌ی كێشه‌كان و نامانه‌وێت دڕدۆنگی زیاتر بێت و ده‌مانه‌وێت رێككه‌وتنی سیاسیی هه‌بێت، ئینجا پێشنیازه جیاوازه‌كان به جۆرێك له ته‌وافقی سیاسیی بهێنینه ناو دانیشتنی په‌رله‌مان.
پرسیار: بۆچی ئه‌و بابه‌تانه‌ی ره‌هه‌ندی نیشتمانیان هه‌یه، وه‌ك ده‌ستوور ئه‌م خوله نه‌یتوانیوه تێیپه‌ڕێنێت؟
هێمن هه‌ورامی: ئه‌م خوله‌ی پێنجه‌م له زه‌وی هه‌ڵنه‌تۆقیوه و له ئاسمان نه‌باریوه، ئه‌نجامی رێككه‌وتنی سیاسیی و هه‌ڵبژاردن بووه. بۆیه باشی په‌یوه‌ندیی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان و دۆخی سیاسی هه‌رێم و ململانێی ناو حزبه‌كانی هاوپه‌یمانییه‌كان و ململانێی ناو هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق و دۆخی ئابووری هه‌رێم و ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی كاریگه‌ریان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌كانی نێوان حزبه سیاسییه‌كان هه‌بووه و ئه‌نجامی ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان هه‌یه.
ئێستا له كاری حكومڕانیش، ئایا هێشتوویانه حكومه‌ت له ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك حكومه‌ت به‌ڕێوه بچێت، ئایا له به‌غدا توانرا یه‌كڕیزی درووست بكرێت، تا له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی ره‌هه‌ندی نیشتمانیان هه‌یه له به‌غداش ته‌وافق درووست بێت، واته ناتوانرێت بوترێت ئه‌وه په‌رله‌مانه نه‌یتوانیوه ئه‌و ته‌وافقه درووست بكات.
به‌داخه‌وه بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان پێویستیی به پێداچوونه‌وه‌یه‌كی جددی هه‌یه. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین پێناسه‌مان بۆ ره‌هه‌ندی نیشتمانی یه‌ك خه‌ین و پێناسه‌مان بۆ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه یه‌كخه‌ین كه له‌سه‌ر ره‌هه‌ندی نیشتمانی هه‌ن، پێناسه‌ی گشتییمان بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان یه‌كبخه‌ین، تا بتوانین له یه‌ك چوارچێوه و به نه‌فه‌سێكی كوردستانیانه مامه‌ڵه بكه‌ین.
به‌ڵام راستگۆ بم، ئه‌م پرۆسه سیاسییه، كه هه‌یه له ئاستیی ناوخۆ و په‌یوه‌ندی لایه‌نه‌كان و دۆخی سیاسی به‌غدا، ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ی كه پێویست بوو هه‌بێت، نییه.
پرسیار: پارتی له‌گه‌ڵ چ سیستمێكی هه‌ڵبژاردندایه؟
هێمن هه‌ورامی: ئه‌و كاته‌ی من ئه‌ندامی شاندی دانووستانكار بووم، رای پارتی زۆر روون و ئاشكرا بوو، رای سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و لیژنه‌ی دانووستانكاری پارتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و هه‌میش نوێنه‌ری پارتی له كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان به ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئاشكرا بووه، كه پارتی پێی وایه بۆ ئه‌م دۆخه‌ی ئێستای هه‌رێم یه‌ك بازنه‌یی باشتره له فره بازنه‌یی.