چوار وڵاتی G7 هاوردەکردنی زێڕ لە رووسیاوە قەدەغە دەکەن

"ئەم رێکارانە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئۆلیگارە رووسیەکان دەبێت"

K24 - هەولێر:

وڵاتانی بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کەندا و ژاپۆن، لە چوارچێوەی سزا ئابووریە نوێیەکان کە بەسەر مۆسکۆدا سەپاندوویانە، هاوردەکردنی زێڕ لە رووسیاوە قەدەغە دەکەن.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، هەر یەك لە لەندەن و واشنتن و ئۆتاوا و تۆکیۆ هاوردەکردنی زێڕیان لە رووسیاوە بۆ وڵاتەکانیان قەدەغە دەکەن.

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسۆن کە لە ئەڵمانیا لەگەڵ سەرکردەی وڵاتە پیشەسازیەکان کۆدەبێتەوە گوتی: "ئەم رێکارانە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر (ئۆلیگارەکان) دەوڵەمەندەکانی نزیک لە دەسەڵاتی رووسیا دەبێت".

لە کۆبوونەوەی وڵاتانی G7 بڕیارە هاوکاری دارایی و سەربازی زیاتر بۆ ئۆکرانیا تاووتوێ بکرێت، هەروەها کاریگەری سزاکانی سەر مۆسکۆ گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.