پارێزگاری نەینەوا دۆزینەوەی کێڵگەیەكی گەورەی نەوت و گاز رادەگەیەنێت
"خاوەنی یەدەگێکی گەورەی نەوت و گازییە"
K24 - هەولێر:
نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا دۆزینەوەی کێڵگەیەکی گەورەی راگەیاند کە خاوەنی یەدەگێکی گەورەی نەوت و گازییە، جەختیشی کردەوە کۆمپانیاکانی گەڕان بە دوای نەوت لە عێراق بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ گەڕان بە دوای نەوت لە پارێزگای نەینەوادا.
نەجم جبووری لە نوێترین لێدوانی بۆ ئاژانسی واع رایگەیاند، پارێزگاکەیان پاڵپشتی لە کۆمپانیای بەدواداگەڕانی نەوتی عێراقی دەکات، هەروەها پارێزگاری ئاسایش و سەقامگیری بۆ کارکردنیان دابین دەکات.
ئاماژەی بەوەشدا، کۆمپانیای بەدواداگەڕانی نەوتی عێراقی توانیویەتی چەندین کێڵگەی نوێ لە ناوچەکانی گەیارە و تەلەعفەر بدۆزێتەوە و تاوەکو ئێستا کۆمپانیاکانی بەدواداگەڕانی نەوتی عێراقی بەردەوامن لە کارکردن بۆ دۆزینەوەی نەوت لە پارێزگاکەیان.
پارێزگای نەینەوا گووتیشی، پارێزگاکەیان چەندین جار داوای لە وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە کە خواستنیان هەیە پاڵاوگەی گەورە لە کێڵگەی گەیارە دابمەزرێنێت، هەروەها چەندین کۆمپانیای دیکەش داوایان کردووە سوود لە گازی ناوچەکەیان وەربگرن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رەزامەندییەکان لە وەزارەتی نەوت وەرنەگرتووە.