بۆ سێیەم رۆژی لەسەر یەک نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە
نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ 116 دۆلار بەرزبووەوە
K24 - هەولێر
نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆیدا بۆ سێیەم رۆژی مامەڵەکردن لەسەر یەک بەرزبووەوە، هۆکارەکەشی بۆ مەترسییەکانی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی جیهانی دەگەڕێتەوە کە باڵی بەسەر بازاڕەکانی جیهاندا کێشاوە، لە هەمان کاتدا مامەڵەکاران چاوەڕێی دوایی بڕیاری ئۆپێک پڵەس دەکەن لەبارەی زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان.
لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بە رێژەی 1.51% بۆ 116.82 دۆلار بەرزبووەوە.
نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوی تێکساسیش بە رێژەی 1.38% بۆ 111.06 دۆلار بەرزبووەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی وزەی ئەمەریکا، یەدەگی نەوتی ستراتیژی وڵاتەکە بۆ کەمترین ئاستەکانی 36 ساڵی رابردووی دابەزیوە.
