مەسرور بارزانی: پێویستە حکومەتی عێراق وەک قەوارەیەکی فیدراڵی رەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات
K24 - هەولێر
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکیدا لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق رایگەیاند: هەرێمی کوردستان، پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستوور جێبەجێ کردووە و پێویستە حکومەتی فیدراڵیش، رێز لە مافە دەستوورییەکانی هەرێم بگرێت و وەک قەوارەیەکی فیدراڵی، رەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی حوزەیرانی 2022 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارک برایسن ریچاردسن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد. لە دیدارەکەدا کە دەیڤد هانت، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەریتانیا تاووتوێکرا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بەتایبەت پرسی نەوت و گاز لەسەر بنەمای دەستوور".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەختیکردووەتەوە: "هەرێمی کوردستان، پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستوور جێبەجێ کردووە و پێویستە حکومەتی فیدراڵیش، رێز لە مافە دەستوورییەکانی هەرێم بگرێت و وەک قەوارەیەکی فیدراڵی، رەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات".
مەسرور بارزانی، جەختیشی کردەوە: "هەرێمی کوردستان، هەمیشە ئامادەیە بۆ گفتوگۆ و گەیشتن بە رێککەوتنێک، کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا پارێزراو بێت و لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت".