پاپا فرانسیس سەبارەت بە نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەوان دەسەڵاتییان نییە
"هێزی ئەوەیان نییە لەم بابەتەدا خۆیان بسەپێنن"
K24 - هەولێر:
پاپا فرانسیس سەبارەت بە دەسەڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "ئەوان توانای راگرتنی جەنگەکانیان نییە، وەك ئەو جەنگەی بە بەرچاوی ئەوروپاوە روودەدات".
لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی "تیلام"ـی ئەرجەنتینی، پاپا فرانسیس ئاماژەی بەوەدا نەتەوە یەکگرتووەکان یارمەتیدەرن بۆ دوورکەوتنەوە لە جەنگ، بەڵام کاتێک دێتە سەر وەستاندنی جەنگ یان چارەسەرکردنی ناکۆکیەك وەك ئەوە ئەمڕۆ ئەوروپا پێی تێپەڕدەبێت، ئەوان هیچ دەسەڵاتێکیان نییە "بەبێ سووکایەتیکردن"، چونکە ئەو بەڵگەنامەیەی ئەوان هەیانە دەسەڵاتیان پێ نادات".
ناوبراو گوتیشی: "دوای جەنگی دووەمی جیهانی، هیوایەکی زۆر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هەبوو، نامەوێت بە خراپە باسیان بکەم، دەزانم کە کەسی باشیان هەیە و کار دەکەن، بەڵام هێزی ئەوەیان نییە لەم بابەتەیا خۆیان بسەپێنن".
پاپا فرانسیس لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد: "ئەم ساتە پێویستی بە داهێنان و ئازایەتییە، بەبێ ئەم دووانە هیچ دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتیمان نابێت کە لە سەرکەوتن بەسەر ناکۆکیە مەترسیدارەکاندا یارمەتیمان بدات".
کاردینال خۆرخێ ماریۆ بێرگۆ کە بەناوی پاپا فرانسیس ناسراوە، لە 17ی کانوونی یەکەمی 1936 لە بۆنس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین لەدایکبووە.
پاپا فرانسیس کەسایەتی کریستیانی ئەمریکای لاتینییە و یەکەم کەسی ئایینی ئەمریکای لاتینییە لە مێژووی ڤاتیکاندا کە بە رابەری کاسۆلیکەکانی جیھان ھەڵبژێردرێت.