رێگە بە فڕۆکەیەکی ئێرانی نادرێت لە هەولێر بنیشێتەوە

"فڕۆکە ئێرانییەکە زانیاری یاسایی نەداوە"

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – هەولێر

لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر رێگە بە فڕۆکەیەکی ئێرانی نادرێت بنیشێتەوە.

ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "بڕیاربوو ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی ئێرانی" پویا ئیر"، بەنیاز بووە یەکەم گەشت لە شاری ورمێ-وە بۆ هەولێر ئەنجام بدات، بەڵام بەهۆی چەند رێکارێکی یاسایی رێگەیان بە نیشتنەوەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر نەداوە".

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر گوتیشی: "چوار رۆژە داوامان لە هێڵی ئاسمانی ئاتای ئێرانی کردووە، زانیاری تەواو لەبارەی فڕۆکەکە و سەرنشینەکان و ئەو بارەی هەڵگرتووە، بدات، وەک رێکارێکی یاسایی و ئاسایی بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، بەڵام هێڵی ئاسمانییە ئێرانییەکە رەتیکردووەتەوە زانیارییەکان بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بدات، بۆیە رێگە بە نیشتنەوەی فڕۆکە ئێرانییەکە نەداوە".