نێچيرڤان بارزانى و لينزى گراهام جەخت له گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيریی ناوچه‌كه دەکەنەوە
نێچيرڤان بارزانى و سيناتۆر لينزى گراهام دۆخى عيراق و ناوچه‌كه تاوتوێ ده‌كه‌ن
K24 – هەولێر
نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و لينزى گراهام، سيناتۆرى ناودارى ئه‌مه‌ريكى لە دیدارێکدا بارودۆخی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێکرد و جەختیان لە گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيریی ناوچه‌كه کردەوە.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: "پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشەممە 5/7/2022 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له سيناتۆرى ناودارى ئه‌مه‌ريكى لينزى گراهام و شاندێكى ياوه‌رى كرد كه له خاتوو ئالينا رۆمانۆوسكى باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له عێراق و جه‌نه‌راڵ جۆن برێنان فه‌رمانده‌ى هێزى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى و ژماره‌يه‌ك ديپلۆماتكار و پله‌دارانى سه‌ربازيى ئه‌مه‌ريكى پێكهاتبوو. له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دۆخى عێراق و پرۆسه‌ى سياسیی وڵات، دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى تيرۆر، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر-به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان، دۆخى سووريا و پرسى كورد له‌و وڵاته، تاوتوێكران".
بەگوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێم: "هه‌ردوولا جه‌ختيان له گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيریی ناوچه‌كه كرده‌وه و كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى مه‌ترسيى تيرۆر و سهرهەڵدانهوهى داعش هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى راستهقينهيه له‌سه‌ر ئارامى و سه‌قامگيریی عێراق و سووريا و بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌و مه‌ترسييه، پێويسته ئارامى و سه‌قامگيرى له ناوچه‌كه پارێزراو بێت و هه‌مووان له‌م پێناوه‌دا هه‌وڵ و كۆششيان بخه‌نه گه‌ڕ".
ئاماژە بەوەشکراوە: "نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى ده‌ربڕينى سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستان بۆ پشتگيرى و يارمه‌تيدانى ئه‌مه‌ريكا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له شه‌ڕى دژى تيرۆردا، دووپاتىكرده‌وه كه كليلى سه‌قامگيرى و چاره‌سه‌كردنى كێشه‌كانى عێراق، چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێرـ به‌غدا يه به گفتوگۆ و به‌پێى ده‌ستوور".
وەک لە راگەیەندراوەکە ئەوەشخراوەتەڕوو: "په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه، دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه بوو".