بۆچی له ئه‌مه‌ریكا ده‌ستگه‌یشتن به تفه‌نگ كۆنترۆڵ ناكرێت؟
K24 – مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
هێشتا پرۆژه یاسای كۆنترۆڵكردنی چه‌ك نه‌گه‌یشتۆته به‌رده‌م گفتوگۆی ئه‌نجومه‌نی پیران، نیوه‌ڕۆی دوێنێ له ئاهه‌نگێكی ئاسایی رۆژی 4ی جولای (رۆژی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌مه‌ریكا) له شاری شیكاگۆ-ی ویلایه‌تی ئیلینۆیا، چهكبهدهستێك به‌ناوی رۆبه‌رت كریمۆ، شه‌ش كه‌سی كوشت و زیاد له 10 كه‌سی بریندار كرد.
مشتومڕكردن له‌سه‌ر كۆنترۆڵكردنی چه‌ك له‌ئه‌مه‌ریكا به‌درێژایی ساڵانی رابردوو زیاد و كه‌می كردووه، هه‌میشه مشتوومڕهكانیش دوای رووداوی ته‌قه‌كردنێكی به‌كۆمه‌ڵ وروژێنراوه له‌لایه‌ن دیموكراته‌كانی نێو كۆنگرێسه‌وه.
رووداوه‌كه‌ی دوێنێ 4ی جولای له گه‌ڕه‌كێكی ده‌وڵه‌مه‌ندنشینی شاری شیكاگۆ (گه‌ڕه‌كی هایلاند پارك)، گه‌نجێك له‌سه‌ربانێكه‌وه كه‌وته ته‌قه‌كردن له رێوڕه‌سمی مه‌راسیمی ئاهه‌نگی 4ی جولای كه شه‌ش كه‌سی تێدا كوژراو ده‌رزه‌نێك خه‌ڵكیش بریندار بوون، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ته‌قه‌كه‌ره‌كه دێته خواره‌وه و ده‌یه‌وێت به ئۆتۆمبێلێك ئه‌و شوێنه جێهێڵێت له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه ده‌ستگیرده‌كرێت.
24ی ئایار دوای ته‌قه‌كردنی به‌كۆمه‌ڵ له‌لایه‌ن سه‌لڤادۆر رامۆس-ی ته‌مه‌ن 18 ساڵ له قوتابخانه‌ی رۆب-ی بنه‌ڕه‌تی شارۆچكه‌ی یۆڤاڵد-ی تێكساس، 21 كه‌س كوژرا كه 19 یان منداڵ و گه‌نج بوون، كۆنگرێس بیری له پرۆژه یاسایه‌ك كرده‌وه كه ده‌ستگه‌یشتن به چه‌ك سنووردار بكات.
له راپۆرتێكی ئێن پی ئاردا هاتووه كه كۆنگرێس توانی له 8ی حوزه‌یران پرۆژه یاسای سنوورداركردنی ده‌ستگه‌یشتن به چه‌ك به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سه‌ند بكات كه 223 ده‌نگی به‌ڵێ به‌رامبه‌ر 204 ده‌نگی نه‌خێر بوو.
ئێن پی ئار له راپۆرته‌كه‌یدا نووسیویه‌تی: "هه‌رچه‌نده به‌دوور نازانرێت كه پرۆژه‌كه له ئه‌نجومه‌نی پیران تێپه‌ڕنه‌بێت به‌هۆی ئه‌و دابه‌شكارییه یهكسانهی ده‌نگی كۆماریی و دیموكراته‌كان له ئه‌نجومه‌نی پیران".
له پرۆژه یاساكه‌دا هاتووه كه فرۆشتنی چه‌ك به كه‌سانی خوار ته‌مه‌ن 21 ساڵ قه‌ده‌غه‌بكرێت، هه‌روه‌ها فرۆشتنی سێتی فیشه‌كی 15 فیشه‌ك به‌ره‌وژوو قه‌ده‌غه‌بكرێت و مه‌رجی توندتر دابنرێت به‌رامبه‌ر رێكخستنی هه‌ڵگرتنی چه‌ك له ماڵه‌كان.
كۆنگرێس چه‌ندین جار له‌دوای هه‌موو كاره‌ساتێك نه‌یتوانیوه یاسایه‌كی مانادار بۆ چه‌كهه‌ڵگرتن ده‌ربكات، وێرای ئه‌وه‌ی پشتگیرییه‌كی به‌رفراوانی گشتی بۆ سنوورداركردنی چه‌ك هه‌یه.
به‌پێی راپۆرتێكی زه واشنتۆن پۆست له ساڵی 2021 ه‌وه زیاتر له 40 هه‌زار كه‌س به‌هۆی چه‌ك و ده‌مانچه و جۆره‌كانییه‌وه كوژراون یان خۆیان كوشتووه كه زۆرترین ژماره‌ی كوژراوه له چه‌ندین ده‌یه‌ی رابردوودا.
زۆرێك له لایه‌نگرانی كۆنترۆڵكردنی ده‌مانچه پێیانوایه پێویسته ئه‌مه‌ریكا سه‌یری ئه‌زموونی وڵاتانی هاوشێوه‌ی دیموكراتی وه‌ك خۆی بكات بۆنموونه: كه‌نه‌دا و ئوسترالیا و زۆر وڵاتی دیكه كه لهسنوورداركردنی ده‌ست گه‌یشتن به تفه‌نگ-دا تا راده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتوون، به‌ڵام زۆرێك له‌و بڕوایه‌دان ئه‌مه‌ریكا هه‌رگیز وه‌ك ئه‌وانی پێناكرێت، چونكه خۆی به‌رهه‌مهێنه‌رێكی بێشوماری چه‌كی نیمچه ئۆتۆماتیكییه.
چه‌كی نیمچه ئۆتۆماتیكی ئه‌و چه‌كانه‌ن له‌گه‌ڵ هێنانه‌وه‌ی میلی تفه‌نگه‌كه ئۆتۆماتیكی له‌سه‌ریه‌ك فیشه‌ك بخاته به‌رده‌م نۆزلی تفهنگهكهو بته‌قێت، واته كه‌سه‌كه بۆ هه‌موو جارێك فیشه‌ك ناخاته به‌ر نۆزڵی تفه‌نگه‌كه.
خاوه‌ندارێتی ده‌مانچه له ئه‌مه‌ریكا رهگوریشهیهی له هه‌مواری ده‌ستووردا داكوتاوه كه ئه‌ویش بریتییه له: "گروپێكی رێكخراوی باش، هه‌بوونی پێویستی ئاسایش بۆ ئازادی ویلایه‌ته‌كان، مافی خه‌ڵك بۆ هه‌ڵگرتنی چه‌ك و پاراستنی چه‌ك به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پێشێلناكرێت".
كه‌واته هه‌رئه‌مه‌یه وایكردووه ئازادی ده‌ست گه‌یشتن به تفه‌نگ لای ئه‌مه‌ریكییه‌كان ئاسان بێت و زۆرێك له ئاماره‌كانیش ئه‌و راستییه ئه‌سه‌لمێنن كه زۆرترین خاوهندارێنی چه‌ك له ئه‌مه‌ریكایه، ئه‌مه‌ریكا 5%ی دانیشتوانی جیهان پێكده‌هێنێت كه‌چی 46% دانیشتوانی جیهانه له خاوه‌ندارێتی چه‌كدا و چه‌كی خۆی هه‌یه.
رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست له راپۆتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه كه زۆرێك له لایه‌نگرانی چه‌كهه‌ڵگرتن پێیانوایه مافی چه‌كهه‌ڵگرتن سنووری هه‌یه له‌ئه‌مه‌ریكا، چونكه كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا و ده‌سه‌ڵاتی یاسادانی ویلایه‌ته‌كان ده‌توانن یاسا ده‌ركه‌ن بۆ كۆنترۆڵكردنی چه‌ك و دادگای باڵای ئه‌مه‌ریكاش هه‌ندێك سنوورداری چه‌كی ئاگرینی پشتڕاستكردۆته‌وه وه‌ك قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی شاراوه و هه‌ڵگرتنی هه‌ندێك چه‌ك و فرۆشتنی ده‌مانچه به هه‌ندێك جۆری خه‌ڵك.
یاسای كۆنترۆڵكردنی تفه‌نگ كه له‌ساڵی 1968 ده‌رچووه فرۆشتنی چه‌كی ئاگرین به كه‌سانی خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵ قه‌ده‌غه‌ده‌كات، هه‌روه‌ها تاوانبارانی سزادراو و كارمه‌ندانی ده‌ركراوی بواری سه‌ربازی له‌سه‌ر شه‌ره‌ف و كه‌سانی تۆمه‌تبارانی سزادرا و كه‌مئه‌ندامی ده‌روونی بۆیان نییه چه‌ك بكڕن و چه‌ك هه‌ڵگرن.
به‌ڵام هه‌ندێك له یاساكانی هه‌ڵگرتنی ده‌مانچه له پێداچوونه‌وه‌ی دادگای باڵا-دا نه‌ماوه، بۆ نموونه ساڵی 2008 دادگای باڵا یاسایه‌كی واشنتۆن-ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه كه ده‌مانچه‌ی ده‌ستی قه‌ده‌غه‌كردبوو، كه یه‌كه‌م بڕیاری دادگا بوو له‌سه‌ر هه‌مواری دووه‌م له ماوه‌ی 70 ساڵدا بنه‌مای رێكخستنی چه‌كی دابینكردبوو.
زۆرێك له پسپۆرانی بواری ئه‌منی پێیانوایه ئه‌و ویلایه‌تانه‌ی كه بواری ده‌ستگه‌یشتن به چه‌ك توندتره، توندوتیژی تێدا كه‌متره وه‌ك كالیفۆرنیا و هاوایی.
هه‌رچه‌نده زۆرێك له‌و بڕوایه‌دان له‌گه‌ڵ هه‌موو رووداوێكی توندوتیژی كۆنگرێس ده‌كه‌وێته خۆی و بڕیارده‌دات پرۆژه یاسایه‌ك ئاماده‌بكات بۆ هێمن كردنه‌وه‌ی رای گشتی، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ك به‌هێمنی ساردده‌بنه‌وه له جێبه‌جێكردنی یان پرۆژه‌كه وه‌ك پێویست ده‌ستگه‌یشتن به چه‌ك قه‌ده‌غه ناكات، بۆ نمونه ساڵی رابردوو له دوای رووداوه‌كه‌ی لاس ڤێگاس -ی 2017 كه 60 كه‌س كوژرا یان رووداوه‌كه‌ی فلۆریدا كه 18 كه‌س كوژرا، كۆنگرێس مشتومڕی له‌سه‌ر یاساكانی ئێستای ده‌ستگه‌یشتن به چه‌ك كرد، به‌ڵام یاسادانه‌رانی كۆنگرێس نه‌یانتوانی پشتگیرییه‌كی پێویست به‌ده‌ستبهێنن، بۆیه تا ناوه‌ڕاستی ئه‌مساڵ و په‌سه‌ندكردنی پرۆژه یاساكه‌ی كۆنگرێس، هیچ یاسایه‌ك نه‌بووه فرۆشتنی چه‌كی هێرشبه‌ری نیمچه ئۆتۆماتیكی به خوار ته‌مه‌ن 21 ساڵ قه‌ده‌غه‌بكات، یان هیچ مه‌رجێكی فیدرالی نه‌بوو بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌مانچه ده‌كڕن پێویسته راهێنانی سه‌لامه‌تیان هه‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆرێك له شاره‌زایانی ئه‌منی زۆر گهشیبن نین به پرۆژه یاسا نوێكه‌ی كۆنگرێس.