زه گاردیان: سێ وڵات له جینۆسایدی ئێزدییه‌كاندا تێوه‌گلاون
سووریا نه‌یتوانیوه رێگری بكات له گواستنه‌وه و دهستبهسهرگرتنی ئێزدیییه رفێنراوه‌كانی ژێر ده‌ستی داعش
K24 – مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
توركیا پێویسته له‌به‌رده‌م دادگای نێوده‌وڵه‌تیدا ئاماده‌بێت، چونكه تێوه‌گلاوه له جینۆسایدی ئێزدییه‌كان له باكووری عێراق، له‌كاتێكدا هه‌ریه‌ك له عێراق و سووریا تۆمه‌تباری سه‌ره‌كین له‌و كه‌یسه‌دا.
به‌پێی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی زه گاردیان، هێڵینا كێنێدی، پارێزه‌ری مافی مرۆڤ له به‌ریتانیا له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كدا ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه، كه پێویسته توركیا په‌لكێشی دادگای نێوده‌وڵه‌تی بكرێت به‌هۆی به‌شداری ناڕاسته‌وخۆی له جینۆسایدكردنی ئێزدییه‌كان ئه‌مه جگه له‌وه‌ی عێراق و سووریا نه‌یانتوانیوه ئه‌ركی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن له رزگاركردنیان.
راپۆرته‌كه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك پارێزه‌ری دیاری مافی مرۆڤه‌وه نووسراوه، هه‌وڵده‌دات جه‌خت له‌به‌رپرسیارێتی سته‌می 3 ده‌وڵه‌ت (عێراق، سووریا و توركیا) بكاته‌وه به‌رامبه‌ر ئێزدییه‌كان، كه نه‌یانتوانیوه بیانپارێزن یان رێگریان لێكردوون له رزگاربوونیان، ئه‌وه جگه له ئه‌نجامده‌رانی جینیۆسایدهكه كه رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش)ه.
به‌پێی راپۆرتێكی زه نیویۆرك تایمز، به‌شێكی گه‌وره‌ی به‌ڵگه‌كان ئه‌و جینۆسایده ده‌سه‌لمێنێن، چونكه ئه‌و په‌یامه ده‌نگییه‌ی كه یه‌ك به دوای یه‌ك، كوڕه‌كه‌ی عه‌باس حسێن ناردویه‌تی بۆ باوكی، ناخهه‌ژێنه، كوڕه‌كه‌ی عه‌باس، 8 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئیسلامییه‌وه (داعش) له شه‌نگال رفێندراوه له‌گه‌ڵ هه‌زاران كه‌سی دیكه‌ی ئێزدی.
كوڕه‌كه‌ی عه‌باس نه‌یده‌توانی له‌رێگه‌ی مۆبایله‌كه‌یه‌وه ده‌نگی بگات به دایك و باوكی دوای ئازادكردنی شه‌نگال تا باوكی پاره بۆ ئه‌و گروپه تیرۆریستییه نه‌نێرێت.
بۆیه عه‌باس حسێن زیاتر له دوو ساڵه ئه‌وه‌نده ده‌زانێت كوڕه‌كه‌یی و 5 كه‌سی دیكه ده‌ستبه‌سه‌رن له باكووری سووریای ژێر كۆنترۆڵی توركیا له‌لایه‌ن چه‌كدارانی پێشووی داعشه‌وه كه ئێستا سه‌نگه‌ریان گواستووه‌ته بۆ ناو سوپای نیشتمانی سووریا كه به پرۆ- توركیا ناسێنراون.
به‌پێی راپۆرته رۆژنامه‌وانییه‌كان تا ئێستا چه‌ند كه‌سێكی كه‌م، له‌و 3 هه‌زار ده‌ستگیركراوه‌ی ژێرده‌ستی داعش، ئازادكراون، بۆیه ئه‌گه‌ر كه‌سوكاری هه‌ندێكیان پێیانوابێت مردوون، زۆریان به‌نیازن رۆژێك به‌دیداریان شادبنه‌وه.
ئه‌و گروپه پارێزه‌ره به‌ریتانییه له‌ژێر ناوی (لیژنه‌ی دادی ئێزدیی) به رۆژنامه‌ی گاردیان-یان وتووه، كه ده‌وڵه‌تی عێراق و سووریا به‌رپرسیارێتی مێژوویی و ئه‌خلاقیان له ئه‌ستۆدایه چونكه به‌پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی ده‌یانتوانی رێگربن له‌جینۆسایدی ئێزدییه‌كان له‌سه‌ر خاكه‌كانیان، جیوفری نایس كیوسی، سه‌رۆكی لیژنه‌كه ده‌ڵێت: "هه‌ریه‌ك له‌و ده‌وڵه‌تانه ده‌یانتوانی به میكانیزمی خۆیان ئێزدییه‌كان بیارێزن و ببێت به رابردووی خۆیان بۆیه ئێستا به‌شێك له رابردوویان له‌ناوچووه".
به‌پێی راپۆرته‌كه، عێراق و سووریا به‌رپرسی سه‌ره‌كین له جینۆسایدی ئێزدییه‌كان ئه‌ویش دوای لێكۆڵینه‌وه‌ی 3 ساڵ له ماندووبوونی 13 وڵات بۆ ئاماده‌كردنی راپۆرتێكی ورد و پڕ زانیاری و به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتوون كه سێ وڵات له پێش‌گرتن له جینۆساید شكستیان هێناوه.
راپۆرته‌كه‌ی لیژنه‌ی دادی ئێزدییه‌كان كه چه‌ند پارێزه‌رێكی مافی مرۆڤی به‌ریتانی ئاماده‌ی كردووه ئه‌وه‌ی ئاشكراكردووه كه له ساڵی 2014 توركیا چاویان داخستووه له فرۆشتن و گواستنه‌وه‌ی ژنان و منداڵانی ئێزدییی و له‌رووی راهێنانه‌وه یارمه‌تی چه‌كدارانی داعش-یان داوه به‌رامبه‌ر رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده)، به‌مه‌ش ئه‌نجامدانی جینۆسایدكهی به‌هێزتركردووه.
له راپۆرته 276 لاپهڕهییهكهدا هاتووه، تا حوزه‌یرانی 2014، عێراق داوای له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كردووه كه دانبه كاره دڕندانه‌ییه‌كانی داعش-دا بنێت، به‌ڵام نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به‌رپرسیارێتی هه‌موو كارێكی داعشی خستۆته ئه‌ستۆی عێراق، له‌راپۆرته‌كه‌دا هاتووه كه نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان حكومه‌تی عێراقی تۆمه‌تباركردووه كه هه‌مئاهه‌نگی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی نه‌كردووه یان رێوشوێنی نه‌گرتۆته‌به‌ر بۆ گواستنه‌وه‌ی ئێزدییه‌كان و پاراستنیان بۆ شوێنێكی سه‌لامه‌ت.
راپۆرته‌كه ده‌ڵێت: "سووریا نه‌یتوانیوه رێگری بكات له گواستنه‌وه و دهستبهسهرگرتنی ئێزدیییه رفێنراوه‌كانی ژێر ده‌ستی داعش".
به‌ڵام توركیا تۆمه‌تی لیژنه‌ی دادی ئێزدییه‌كان ره‌تده‌كاته‌وه، ئومیت یاڵچین باڵیۆزی توركیا له به‌ریتانیا به گاردیان-ی رایگه‌یاند كه ئه‌و ره‌خنانه بێ بنه‌ماو نادادپه‌روه‌رانه‌یه، وتیشی: "له‌سه‌ره‌تای سه‌ره‌تای ململانێكانی نێو سووریا-وه، توركیا رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بووه له پاراستنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی كه‌مینه‌كانی سووریا له‌و ناوچانه‌ی كه تیرۆریستان هێرشیان كردۆته‌سه‌ر".
ئه‌و پێداگری له‌وه‌ده‌كات كه توركیا نه‌ك ده‌رگای كردۆته‌وه، به‌ڵكو بووه به په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بۆ ملیۆنه‌ها سوریی و ئێزدیی و له رێگه‌ی سێ ئۆپه‌راسیۆنه‌وه ناوچه‌یه‌كی ئارام بۆ ناوچه‌كه دابینكراوه، وتیشی: "ئێستا ئێزدییه‌كان به ئاشتیانه له‌و ناوچانه‌دا ده‌ژین كه له‌ژێر كۆنترۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی سووریادان له باكووری خۆرئاوای سووریا ".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد ساڵی رابردوو زۆرێك له خێزانه په‌نابه‌ره ئێزدییه‌كان له باكووری خۆرئاوای سووریا، هه‌وڵیانداوه بگه‌ڕینه‌وه بۆ زێدی خۆیان، به‌ڵام له‌لایه‌ن په‌یه‌ده و په‌كه‌كه وه رێگریان لێكراوه.
به‌پێی بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی ژماره 2379 تیمێكی لێكۆڵینه‌وه له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان پێكهێنرا بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌و تاوانانه‌ی، كه داعش له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌نجامیداون و به جینۆسایدناساندنی كاره‌ساتی ئێزدییه‌كان.
له (تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2018) تیمێكی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ره‌وانه‌ی عێراق كرا و ئه‌وانیش به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان راپۆرتێكی پڕ زانیاریان كۆكرده‌وه به‌تایبه‌تی له ناو رزگاربووانی ئێزدییه‌كان و زانیاری ناو مۆبایلی ئه‌و چه‌كداره داعشانه‌ی، كه ده‌ستگیركرابوون له لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه یان هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و ئه‌و گۆڕه به‌كۆمه‌ڵانه‌ی سه‌ردانیان كرد.
داعش له‌ساڵی 2014 یه‌ك له‌سه‌ر سێی عێراق و به‌شێك له خاكی سووریای كۆنترۆڵكرد و له ناو ئه‌و رووبه‌ره داگیركراوه‌دا خه‌لافه‌تی خۆی راگه‌یاند، له‌نێو ئه‌و كه‌مینه ئاینییه‌دا، ئێزدییه‌كان زۆرترین قوربانیان به‌ركه‌وت، كه له‌سه‌ر ده‌ستی داعش 3 هه‌زار كه‌سیان لێ كوژراو شه‌ش هه‌زاریشیان لێ رفێنرا، كه زۆریان كچان و ژنان و منداڵانی ئێزدیی بوون و له‌لایه‌ن داعشه‌وه بازرگانیان پێوه‌كرا.