کازمی داوایەك ئاراستەی هێزە سیاسییەکان دەکات

"بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر دۆخی سیاسی هەڵگرن"

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە مووسڵ
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە مووسڵ

K24 - هەولێر:

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە مووسڵەوە داوایەك ئاراستەی هێزە سیاسییەکان دەکات.

بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەردانی ئەمڕۆیدا بۆ مووسڵ، مستەفا کازمی رایگەیاندووە: "داوا لە هێزە سیاسیەکان دەکەم بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر دۆخی سیاسی هەڵگرن".

کۆبوونەوەی مستەفا کازمی لەگەڵ پەرلەمانتاران و بەرپرسانی پارێزگای نەینەوا
کۆبوونەوەی مستەفا کازمی لەگەڵ پەرلەمانتاران و بەرپرسانی پارێزگای نەینەوا

ئاماژە بەوەش دراوە، مستەفا کازمی ئەمڕۆ سەردانی پارێزگای نەینەوای کرد و لەگەڵ پەرلەمانتاران و بەپرسانی پارێزگاکە کۆبووەوە.

لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا، کازمی جەختی لە گرنگی هەماهەنگی نێوان دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن کردەوە.  

سەبارەت بە پارێزگای نەینەوا، کازمی گوتی: "پارێزگاکە چەندین دەرفەتی گەورەی لەپێشە، پێویستە هەموومان بە گیانی هاوکاری و یارمەتیدان کاری لەسەر بکەین".

لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ فەرماندە سەربازیی و ئەمنییەکان سەرۆک وەزیرانی عێراق تاووتوێی دۆخی ئەمنی شارەکە کراوە و جەخت لە بەرقراکردنی ئاسایش و ئەمنی کراوەتەوە.

کازمی لە وتەیەکدا رایگەیاند "پێنج ساڵ لەمەوبەر هێزەکانمان شاری مووسڵیان ئازاد کرد، ئەم یادەش خۆشی جەژن دەکاتە دوو خۆشی، مووسڵ بە رۆژانێکی زۆر سەختدا تێپەڕیوە، بەڵام خۆڕاگر بوو".

ئاماژەی بەوەشکرد، "مووسڵ لەلایەن قارەمانەکانی سوپای عێراق و دژەتیرۆر و پۆلیسی فیدراڵی و پێشمەرگە و جەماوەر و سەرجەم هێزە ئەمنییەکان لەژێر دەستی داعش ئازاد کرا".