لە سنووری هەولێر 21 بەنزینخانە سزادران

"بەهۆی فرۆشتنی بەنزینى خراپ و دەستکاریکردنى كوالیتییەکەى"

بەنزینخانەیەکی هەولێر
بەنزینخانەیەکی هەولێر

K24 - هەولێر:

بەهۆی فرۆشتنی بەنزینى خراپ و دەستکاریکردنى كوالیتییەکەى لە هەولێر 21 بەنزینخانە سزادران.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (28ی تەمووزی 2022) پارێزگای هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەهۆی خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن بە هاووڵاتیان و له‌ به‌رامبه‌ر دەستکاریکردنى كوالیتی به‌نزین، (21) بەنزینخانەی دیکە لە هەولێر و دەوروبەرى لەلایەن لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکانى سەر بە بەڕێوەبەرایەتى نەوت و کانزاکانى هەولێر سزادراون.

ئاماژە بەوەش دراوە، رێکارى یاسایی لە بەرامبەر خاوەنەکانیان گیراوەتەبەر.

نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی دەڵێت، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا، ئەو بەنزینخانانە سزادراون.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی پارێزگای هەولێر، لەسەرەتای مانگى (6)ى ئەمساڵ تاکو ئەمڕۆ بەکۆی گشتی (172) بەنزینخانە سزادراون، لەو ژمارەیەشدا (6) بەنزینخانە بەهۆی دووبارەکردنەوەی سەرپێچی و دەستکاریکردنى كوالیتیى و فرۆشتنی بەنزینی خراپ بەهاووڵاتییان، لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە ناوەکانیان بڵاودەکرێتەوە، کە بریتین لە:                  

یەکەم/ وێستگەى ئارام محەمەد

دووەم/ وێستگەى ژیلوان

سێیەم/ وێستگەى جێگر

چوارەم/ وێستگەى زێڕ

پێنجەم/ وێستگەى سه‌یداوه‌

شەشەم/ وێستگەى (یارا / میهن)

پارێزگای هەولێر داوا لە هاووڵاتیان دەکات، لە کاتی تێبینیکردنی هەر جۆرە سەرپێچیەک، بە زووترین کات ئاگادارى قایمقامیەتى ناوەندى هەولێر بکەن.   

ئەوەش خرایەڕوو، تیمەکانى لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکان بەردەوامن لە گرتنەبەری رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەر کەس و خاوەن بەنزینخانانەیەك، کە بەنزینى خراپ بفرۆشێتە هاووڵاتییان و دەستکاری کوالێتی بەنزین بکات.                      

Fly Erbil Advertisment