وەزارەتی بەرگری رووسیا رەزامەندی دەربڕی لەسەر پێکھێنانی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی
بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر گرتووخانەی یێلنۆڤکا
K24 - مۆسکۆ:
رووسیا بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر گرتووخانەی یێلنۆڤکا کە تێیدا دەیان دیلی ئۆکرانی کوژران و برینداربوون، بانگهێشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور دەکات.
وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، رووسیای فیدراڵ لەپێناو ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی بابەتیانە لە رووداوی بۆردوومانکردنی گرتووخانە (زیندان)ـی یێلنۆڤکا کە بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە دیلەکانی جەنگی ئۆکرانیا، بە فەرمی بانگهێشتی پسپۆڕانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور دەکات.
رۆژی 29ـی تەمووزی 2022، وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی ئۆکرانیا کە لە رێگەی سیستمی مووشهكی هیمارسی ئەمەریکییەوە کرابوویە سەر ناوەندێکی دەستبەسەرکردن لە یێلێنۆڤکا لە کۆماری گەلی دەنێتسک، 50 دیلی جەنگی ئۆکرانی کوژراون و 73 کەسی دیکە بریندار بوون.
دواتر، دێنیس پوشیلین، سەرۆکی کۆماری گەلی دەنێتسک رایگەیاند، تۆپبارانەکە بە ئەنقەست بووە، بەهۆی ئەوەی ئەو چەکدارانەی لەوێ بوون، بەتایبەتی، لە ئازۆڤەوە (دۆسیەی تاوانکاری لە دژی ئەندامانی کەتیبەی ئازۆڤ لە رووسیا کرایەوە) دەستیان کرد بە ئیفادەدان.
رییا-نۆڤۆستی رووسی نوسیویەتی، فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، لە پەیوەندی لەگەڵ کارەساتی ئەم دواییەی زیندانی یێلێنۆڤکا، ئامادەین بە رەزامەندی لایەنەکان کۆمەڵێک پسپۆڕ بنێرین کە توانای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیان هەبێت.
دوای چەند هەفتەیەك لە گەمارۆدانی دامەزراوەی ئازۆڤستاڵ کە دوا خاڵی بەرگری شاری ماریۆپۆرل بوو، لە مانگی ئایاردا کەتیبەی ئازۆف کە بەرپرسیارێتی پاراستنی دامەزراوەکەیان لەسەر بوو خۆیان بەدەستەوەدا، دواتر دەسەڵاتدارانی رووسیا رایانگەیاند، دیلەکان لە گرتووخانەی ئۆلینێڤکا زیندانی دەکرێن.