چاڤی چاكسازی زیاتر له‌ بارسێلۆنا ده‌كات

چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا
چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا

بارسێلۆنا هاوشێوەی ریال مەدرید کۆتایی بە ئامادەکارییەکانی لە ئەمەریکا هێنا و گەرانەوە ئیسپانیا، کارگێری بلاوگرانا بڕیارە لەگەڵ گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کەتەلۆنیا، چارەنوسی ئەو یاریزانانە یەکلایی بکاتەوە کە چاڤی راهێنەری پێویستیان پێ نیە و لەگەڵ خۆیان گەشتی ئەمەریکایان پێنەکرد، پێشبینی ده‌كرێت له‌م هه‌فته‌یه‌ بارسێلۆنا گرێبه‌ستێكی دیكه‌ی گه‌وره‌ رابگه‌یه‌نێت.

بارسێلۆنا دوای 3 بردنه‌وه‌ و به‌رامبه‌ربوونێك له‌ ئه‌مریكا، ئەمڕۆ بارسێلۆنا گەڕانەوە ئیسپانیا و کارگێری یانەکە بڕیارە دەست بە چاکسازی زیاتر لە پێکهاتەکەی بکات، چاوەڕێش دەکرێت پێشکۆتایی هاتنی وادەی گواستنەوەی ئەم هاوینەی یاریزانان، دەستبەرداری چەند یاریزانێکی بێت.

بلاوگرانا ئەم هاوینە هیچ کێشەیەکی نەبووە لە گواستنەوەی یاریزانی نوێ، بەڵام گەورەترین بەربەستی ئەو یانەیە کە تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی باشیش ئەم بەربەستەیان تێپەڕاندووە، دەستبەرداربوونە لەو یاریزانانەی کە لە پلانەکانی چاڤی راهێنەردا نین.

پێش گەشتەکەی بۆ ئەمەریکا، راهێنەرەکەی بارسێلۆنا لیستی ناوی ئەو یاریزانانەی پێشکەشی کارگێری یانەکەی کرد کە پێویستیان پێی نیە، ریکی پیوگ، مارتن برایسوەیت، ساموئێل ئۆمتیتی، مینگوێزا و نێتۆ، ئەو یاریزانانەن کە لەگەڵ یانەکەیان گەشتی ئەمەریکایان نەکرد و ناویان لەو لیستەدایە کە چاڤی پێویستیان پێ نیە.

ئەو یاریزانە تاوەکو ئەم ساتەش ئامادەنین ریزەکانی یانەکەیان جێبێڵێن، بەشێکیان ئۆفەری باشیشیان بۆ هاتووە، مینگوێزا په‌یوه‌ندی به‌ سێلتا ڤیگۆ كرد، به‌ڵام چوار یاریزانه‌كه‌ی تر ئامادەنین دەستبەرداری مووچەکەیان بن، ئەمەش بارسێلۆنای تووشی کێشە کردووە و چاوەڕێش دەکرێت لەگەڵ گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کەتەلۆنیا، داهاتووی ئەم یاریزانانە یەکلایی بکەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە یانە کەتەلۆنیەکە توانیویەتی لەدەست بەشێک لەو یاریزانانە رزگاری بێت، فلیپ کۆتینیۆ، ترینکاو، لوک دی یۆنگ و کلێمێنت لێنگلێت هەموو ئەوانە ریزەکانیان بارسێلۆنایان جێهێشتووە و بە چوونی ئەو یاریزانانەش ئەو بارگرانیەی لەسەر یانەکە هەبووە سووکتر بووە.

له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌، رۆژنامه‌ی سپۆرتی كه‌ته‌لۆنیا ئاشكرای كردووه‌ بارسێلۆنا و مانچێسته‌ر یونایتد له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی فرانكی دی یۆنگ به‌ 88 ملیۆن پاوه‌ند گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن، به‌ڵام ئه‌م یاریزانه‌ هۆڵه‌ندییه‌ نایه‌وێت له‌ بارسێلۆنا بڕوات.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌، تاكه‌ كێشه‌ی بارسێلۆنا له‌ ئێستا یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی دی یۆنگه‌، چونكه‌ بارسا ده‌یه‌وێت ئه‌و یاریزانه‌ بفرۆشێت و بێرناردۆ سیلڤای پورتوگالی له‌ مان سیتییه‌وه‌ بگوازێته‌وه‌.