بزووتنەوەی تاڵیبان کوشتنی ئەیمەن زەواهیری پشتراستکردەوە

"کوشتنی زەواهیری دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکایە لە ئەفغانستان"

ئەیمەن زەواهیری - ئوسامە بن لادن
ئەیمەن زەواهیری - ئوسامە بن لادن

K24 - هەولێر:

بزووتنەوەی تاڵیبان لەسەر کوشتنی ئەیمەن زەواهیری سەرکردەی رێکخراوی ئەلقاعیدە هاتەدەنگ و رایدەگەیەنێت، هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمەریکا کە بووەتە هۆی کوشتنی زەواهیری دەستدرێژیکردنە سەر سەروەری خاکی ئەفغانستان.

زەبیحەلڵا موجاهید گوتەبێژی فەرمی تاڵیبان رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هێرشی کردووەتە سەر ماڵێک لە کابولی پایتەختی ئەفغانساتان، لە سەرەتادا رووداوەکە روون نەبووە، بەڵام دوای لێکۆڵینەوەی دەزگا هەواڵگیری و ئەمنییەکان دەرکەوت، کە هێرشەکە لەلایەن ئەمەریکاوە بە فرۆکەی بێ فرۆکەوان کراوە.

گوتەبێژەکەی رێکخراوی تاڵیبان ئەم هێرشە ئاسمانییەی ئەمەریکای دژی رێککەوتنی دەوحە لە قەڵەمدا و گوتی "کوشتنی زەواهیری دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکایە لە ئەفغانستان"