سەرۆك بارزانی: تاوانی جینۆسایدی شنگال برینێكی قووڵە لەسەر جەستەی گەلی كوردستان

په‌یامی سه‌رۆك بارزانی له‌ هه‌شته‌م ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییه‌كان: هەنگاوی یەكەمی سارێژبوونی برینی شنگال، ئەوەیە شنگال بگەڕێتەوە دەست خاوەنە رەسەنەكانی
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی رایگه‌یاند، تاوانی جینۆسایدی شنگال برینێكی قووڵە لەسەر جەستەی گەلی كوردستان، خوشك و برا ئێزیدییەكانمان بەهۆی كوردبوون و بەهۆی ئایین و بیروباوەڕییان كەوتنە بەر شاڵاوی تیرۆریستان.

باره‌گای بارزانی په‌یامێكی سه‌رۆك بارزانی به‌بۆنه‌ی هه‌شته‌م ساڵیادی كۆمەڵكوژیی شنگال بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: ئەمڕۆ هەشت ساڵ بەسەر پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر شنگال تێدەپەڕێت. تاوانی جینۆسایدی شنگال برینێكی قووڵە لەسەر جەستەی گەلی كوردستان. لەم كارەساتەدا خوشك و برا ئێزیدییەكانمان بەهۆی كوردبوون و بەهۆی ئایین و بیروباوەڕییان كەوتنە بەر شاڵاوی تیرۆریستان.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی هاتووه‌: ئەوەی تاوانبارانی داعش لە دژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان ئەنجامیان دا، درێژەكراوەی ئەو زنجیرە كارەسات و تاوانانە بوو، كە بە درێژایی مێژوو لەبەرانبەر گەلی كوردستان ئەنجام دراوە.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، لەیادی كارەساتی كۆمەڵكوژیی شنگالدا جێگەی داخە سەرباری بوونی رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق لەمەڕ ئاییندە و بەڕێوەبردنی شنگال، هێشتا رێككەوتنەكە جێبەجێنەكراوە، شنگال لە دەستی كۆمەڵێك هێز و چەكدارە، كە رێگربوونە لە گەڕانەوەی خەڵك و ئاوەدانكردنەوەی شنگال.

له‌ به‌شێكیی دیكه‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی روونكراوه‌ته‌وه‌، هەنگاوی یەكەمی سارێژبوونی برینی شنگال، ئەوەیە شنگال بگەڕێتەوە دەست خاوەنە رەسەنەكانی و ئەو هێز و میلیشیانەی دەستیان بەسەر شنگالدا گرتووە واز لە شنگال بهێنن و رێككەوتنی شنگال جێبەجێ بكرێت. هەروەها پێویست دەكات رێوشوێنی وا بگیرێتە بەر، كە چیتر كارەسات و زوڵم و تاوان لەدژی ئێزیدییەكان و پێكهاتەكانی دیكه‌ دووبارە نەبێتەوە.

سه‌رۆك بارزانی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، لەم یادە دڵتەزێنەدا بە بەرزی یادی شەهیدان و قوربانیانی شنگال دەكەینەوە. هاوكات یادی ئەو شەهید و پێشمەرگە قارەمانانەیش دەكەینەوە، كە بە خوێنی خۆیان چیای شنگالیان پاراست و ئابلۆقەی تیرۆریستانیان لەسەر چیای شنگال تێكشكاند و شاری شنگالیشیان لە دەست تیرۆریستان ئازاد كرد و، سەرئەنجام مەردانە ئەفسانەی داعشیان تێكشكاند و، سەری تیرۆریستانی داعش كەوتە ژێر پێی كوردانی ئێزیدی.