20 هه‌زار پزیشكی عێراقی وڵاتیان جێهێشتووه‌

"87%ی پزیشكان له‌ شه‌ش مانگی رابردوودا رووبه‌ڕووی توندوتیژی و هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن بوونه‌ته‌وه"‌‌

دیمه‌نی په‌لاماردانی پزیشكێكی نه‌خۆشخانه‌ی "ئه‌مل"ی نه‌جه‌ف له‌لایه‌ن كه‌سوكاری نه‌خۆشێكه‌وه‌ كه‌ له‌ كامیرای چاودێرییه‌وه‌ تۆماركراوه‌.. فۆتۆ: رۆیته‌رز
دیمه‌نی په‌لاماردانی پزیشكێكی نه‌خۆشخانه‌ی "ئه‌مل"ی نه‌جه‌ف له‌لایه‌ن كه‌سوكاری نه‌خۆشێكه‌وه‌ كه‌ له‌ كامیرای چاودێرییه‌وه‌ تۆماركراوه‌.. فۆتۆ: رۆیته‌رز

K24 - هه‌ولێر:

به‌هۆی به‌كارهێنانی توندوتیژی و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان له‌ ساڵانی رابردوودا 20 هه‌زار پزیشك عێراقیان به‌جێهێشتووه‌.

به‌ گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانی‌، به‌هۆی هێرش و توندوتیژی بۆ سه‌ر پزیشكان، زۆربه‌ی پزیشكانی عێراق له‌ترسی گیان له‌ده‌ستدانی نه‌خۆشه‌كانیان، ئاماده‌نین نه‌شته‌رگه‌ری قورسیان بۆ بكه‌ن، چونكه‌ ده‌زانن دواتر رووبه‌ڕووی هێرشی عه‌شایه‌ری ده‌بنه‌وه‌ و ماڵ و منداڵیان له‌ژێر مه‌ترسیدا ده‌بێت.

به‌پێی دوایین ئاماری پزیشكانی پارێزگای به‌غدا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی 20%ی خه‌ڵكی عێراق چه‌كیان هه‌یه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ 87%ی پزیشكان له‌ شه‌ش مانگی رابردوودا رووبه‌ڕووی توندوتیژی تۆقاندن و هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن له‌خۆیان‌ و خێزان و منداڵ و كه‌سه‌ نزیكه‌كانیان بوونه‌ته‌وه‌‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، توندوتیژییه‌كان وایكردووه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ پزیشكان وڵات به‌جێبهێڵن، كه‌ به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌ك له‌ ساڵی 2017 زیاتر له‌ 77%ی پزیشكان بیرۆكه‌ی كۆچكردنیان هه‌بووه‌‌، هه‌روه‌ها گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق له‌ساڵی 2019 رایگه‌یاندووه‌، به‌هۆكاری جیاواز 20 هه‌زار پزیشك بۆ پاراستنی ژیانیان كۆچیان كردووه‌.