وێنەکانی راغب عەلامە لەگەڵ هاوسەری باڵیۆزی عێراق لە ئوردن هەرادەنێتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق: رێوشوێنی گونجاو سەبارەت بە وێنەکان دەگرینەبەر

وێنەکانی راغب عەلامە لەگەڵ باڵیۆزی عێراق لە ئوردن و هاوسەرەکەی
وێنەکانی راغب عەلامە لەگەڵ باڵیۆزی عێراق لە ئوردن و هاوسەرەکەی

K24 - هەولێر:

وێنەکانی هونەرمەندی لوبنانی راغب عەلامە لەگەڵ هاوسەری حەیدەر ئەلعەزاری باڵیۆزی عێراق لە ئوردن، مشتومڕێکی گەورەی لە عێراق لێکەوتەوە.

لە وێنەکاندا کە راغب عەلامە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە، ئەو هونەرمەندە لە تەنیشت هاوسەری ئەلعەزاری وەستاوە، ئەمەش مشتومڕێکی گەورەی لەنێو بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق دروستکرد و چەندین کەس رەخنەی توند لە باڵیۆزی عێراق دەگرن.

راغب عەلامە لەسەر وێنەکان نووسیویەتی، "لە دڵەوە سوپاس باڵیۆزی عێراق لە ئوردن، حەیدەر مەنسور ئەلعەزاری و هاوسەرەکەی خاتوو مەیسەم ئەلروبەیعی دەکەم بۆ ئەم پێشوازی و میواندارییە نایاب و چێژبەخشە. بینینی ئێوە لە کەشێکی ئاوا نزیک لە دڵ و پڕ لە خۆشەویستی زۆر خۆشحاڵی کردم".

لەوبارەیەوە ئەحمەد سەحاف گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، رێوشوێنی گونجاو سەبارەت بە وێنەکانی باڵیۆزی عێراق لە ئوردن دەگرینەبەر.