سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژئاوای کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات

K24 - هەولێر
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 23ی ئاب، پێشوازی لە محەمەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژئاوای کۆماری ئیسلامی ئێران کرد .
لە دیدارەکەدا کە نەسروڵڵا ڕەشنوودی کونسولی گشتی ئێران لە هەولێر ئامادەی بوو، پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە بەتایبەتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاری بۆ هاتوچۆ و گەشتیاری لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش، تاووتوێ کرا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە گرنگی هەماهەنگی و هاریکاری لە نێوان هەردوولادا کرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کێشەی کەمئاوی لە رێگەی دەستڕاگەیشتن و سوود وەرگرتنی هاوبەش لە سەرچاوە ئاوییەکانی نێوان هەردوولا کرا.

