بەڤیدیۆ.. فڕۆکەیەك بە ئاسمانەوە گڕ دەگرێت
186 گەشتیار لەنێو فڕۆکەکەدا بوون
K24 - هەولێر:
بەهۆی گڕگرتنی بزوێنەری فڕۆکەیەکی کۆمپانیای (Viva Aerobus) کە لە مەکسیکەوە بەرەو ئەمەریکا بەڕێکەوتبوو، کاپتنی فڕۆکەکە ناچار دەبێت لە مەکسیك بنیشێتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، فڕۆکەکە لەجۆریAirbus A320 family بووە و لە مەکسیکەوە بەرەو لۆس ئەنجلوس بەڕێکەوتووە.
ئاماژە بەوەش درا، کاتی رووداوەکە جگە لە ستافی فڕۆکەکە، 186 گەشتیار لەنێو فڕۆکەکەدا بوون، کاتێکیش ئاگری بزوێنەرەکەی لەلایەن سەرنشینەکانیەوە بینراوە، کاپتنەکەی توانیویەتی بە سەلامتی فڕۆکەکە لە شاری گوادالاخارا لە مەکسیک بنیشێنێتەوە.
لە گرتە ڤیدیۆکەدا کە رۆژنامەی (زە سەن)ـی بەریتانیا لە یوتیوب بڵاویکردووەتەوە، گڕی بزوێنەرێکە دەبینرێت و دەنگی سەرنشیانی نێو فڕۆکەکە دەبیسترێت.
بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی گەشتەکەیان دواکەوتووە و لەکاتی خۆیدا نەگەیشتوونەتە جێگەی مەبەست، کۆمپانیای (Viva Aerobus)ـی مەکسیکی، گەشتێکی زیادکراوی بەخشیە سەرنشینەکانی ئەو فڕۆکەیە.